دەستەی مافی مرۆڤ: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بەزاندنی هەموو نەریت و یاساکانە


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی تێکچوونی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری نیشان دەدات و راگەیاند، بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی, "پێشێلکارییەکی مەترسیدار و بەزاندنی هەموو نەریت و یاساکانە."

رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیێندراوێکدا بانگەوازی بۆ رای گشتی ئاراستەی لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەکانی کردووە، کە سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند: "ئەم دەستدرێژییانە پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بەکارنەهێنانی هێزە."
 
دەستەی مافی مرۆڤ گوتی، لە پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان هاتووە، بەتایبەت مادەی 2/4 کە هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز دژی سەربەخۆیی سیاسیی دەوڵەتان قەدەخە دەکات، هەروەها مادەی 33 کە لایەنە ناکۆکەکان پابەند دەکات کێشەکانیان لە رێگەی "وتووێژ، نێوەندگیری و ئاشتەوایی" چارەسەر بکەن.
 
دەستەکە جەختی لەسەر رێککەوتننامەکانی جنێڤی ساڵی 1949 کردووەتەوە، کە داوای پاراستنی خەڵکی سڤیل و دوورخستنەوەیان لە کردە سەربازییەکان دەکات.
 
لەبارەی هەرێمی کوردستان دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت: "هەرێمی کوردستان بەشێکی زیندووی ئاشتیخوازە و لایەنێک نییە لە ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان. هەوڵدان بۆ تێوەگلانی هەرێم لەم ململانێیانەدا، پێشێلکردنی پابەندییە دەستوورییەکانە."
 
هەروەها دەستەی مافی مرۆڤ باس لە مادەی 8 دەستووری عێراق دەکات، کە جەخت لە هاوسێیەتیی باش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان دەکاتەوە، هەروەها مادەی 15کە مافی ژیان و ئاسایشی بۆ هەر تاکێک گەرەنتی کردووە.
 
دەستەی مافی مرۆڤ چەند داواکارییەکی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە خستووەتەڕوو؛
پاراستنی هەرێمی کوردستان لە لێکەوتەکانی ململانێ دەرەکییەکان.
پابەندبوون بە بڕیاری "دوورەپەرێزی" لە سیاسەتی جەمسەربەندییەکان.
زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و دایەلۆگ بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ.
دوورکەوتنەوە لە هەر کارێک کە ژیانی خەڵکی سڤیل بخاتە مەترسییەوە.
 
رۆژی 28ی ئاداری 2026، سێ هێرشی درۆنی کرایە سەر شاری دهۆک. یەکێک لە هێرشەکان کاژێر 11:00ی بەیانی کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک.
 
هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە و زۆرینەی لایەنە کوردستانی و نێودەوڵەتییەکان بە پەرەسەندنێکی مەترسیداریان وەسف کرد و ئیدانەیان کرد.