محەممەد بن زاید 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئیمارات بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و 'بە تووندی' سەرکۆنەی هێرشی درۆنیی بۆسەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک کرد.
 
شه‌وى شەممە 28-03-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتووەوە پێگەیشت.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەرۆکی پەیوەندییەکەوە دەڵێت، لە پەیوەندییەکەدا شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک، هەروەها پشتگیریی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری دووپات کردەوە."
 
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندیی شێخ محەممەد بن زاید ئال نه‌هيان و هاوكارى و پشتگيريى به‌رده‌وامى دەوڵەتی ئیماراتی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
 
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی بارودۆخی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ تاوتوێ کران، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەوڵه‌كان بۆ کۆتاییهاتنی شەڕ و چەسپاندنی ئارامی و سه‌قامگيرى کردەوە، ئەمەش بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.