تۆڕی میدیایی رووداو وەرزێکی نوێی پۆدکاست دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو ژمارەیەک پۆدکاستی دیکەی سەرنجڕاکێشی زانستی، هونەری، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، هەواڵی و تەکنەلۆژی، کە لەلایەن کەسانی شارەزا و بەئەزموون ئامادە و پێشکێشدەکرێن، دەخاتە بەردەستی وەرگرەکانی. 
 
رۆژی چوارشەممە، 1ـی ئایاری 2024، وەرزی نوێی پۆدکاستەکانی رووداو دەستپێدەکات، لەم وەرزەدا رووداو لەسەر پلاتفۆڕمە جیهانییەکانی پۆدکاستدا هەفتانە 20 پۆدکاست بڵاودەکاتەوە، پۆدکاستەکانی رووداو جیا لە ماڵپەڕی "podcast.rudaw.net" لەسەر ژمارەک ماڵپەڕی جیهانیی بەنێوبانگی پۆدکاستیش هەن.
 
لەسەر ئەپلیکەیشنی ئەپڵ پۆدکاست لە بەشی گەڕاندا بنووسن 'رووداو' یان 'رووداو پۆدکاست'، پۆدکاستەکانی رووداوتان نیشان دەدات، هەروەها لە پۆدکاست ئیندێکس(Podcast Index)، و ئەمازۆن میوزیک و سپۆتیفای (Spotify)ـیش وەرگرانی رووداو دەتوانن بەدوای پۆدکاستەکانی رووداودا بگەڕێن. 
 
بۆ ئەو کەسانەش کە سیستمی مۆبایلەکانیان ئەندرۆیدە، دەتوانن لەسەر ئەو پلاتفۆرمانە گوێ لە پۆدکاستەکانی رووداو بگرن: iHeart, Pocket Casts, Castbox, Podcast Addict.
 
جیا لەو پلاتفۆرمانە رۆژانە لە چەند کاتێکی جیاوازدا پۆدکاستەکانی رووداو لە رادیۆی رووداو لەسەر شەپۆڵەکانی 102.7-102.9  بڵاودەبنەوە.
 
دەنگ و ئاواز
 
پۆدکاستێکی رۆشنبیریی هونەرییە، هونەرمەند مستەفا دادار باسی قۆناخەکانی میوزیکی کوردی و رەگ و ریشەی میوزیکی کوردی دەکات، جگە لەوەی ئەزموونی خۆی تێکەڵ بە بابەتەکان دەکات، باسی جۆر و شێوازە باڵاکانی هونەری کوردی و ئەو هونەرمەندانە دەکات، کە لە مێژووی هونەری کوردیدا دیاردەن.
 

هونەرمەندی نێوداری کورد مستەفا دادار یان مستۆ دادار، لەبارەی پۆدکاستی 'دەنگ و ئاواز' دەڵێت، ئەوەی من ئامانجمە لەم پۆدکاستەدا باسی بکەم، ئەوەیە دەنگ و ئاوازی ئێمە هیچی لە گەلانی سەردەستی دونیا و ناوچەکە کەمتر نییە و بگرە زیاتریشە، من لە پۆدکاستی دەنگ و ئاواز، بەشێوەیەکی پراکتیکی و زانستی بەگوێرەی ئەزموون و خوێندنەوەی خۆم باسی ژانرە و بەشە جیاوازەکانی هونەری دەنگ و ئاوازی کوردی دەکەم.
 
مستۆ دادار دەڵیت: "لە دەنگ و ئاواز، باسی شێوازی ئاواز و چڕینی گۆرانی لە هەموو دیالێکتە کوردییەکان دەکەم هەروەها باسی رۆڵی ئەدەبی زارەکیی دەوڵەمەندکردنی ئاواز و هونەری کوردی بەشێکی گرنگ دەبێت لە پۆدکاستەکەم".
 
دەنگێن ڤیانێ
 
پۆدکاستێکی هونەرییە. کەرەمۆ تەکئۆغلو لەگەڵ دەنگبێژانی کوردی ناوچەی سەرحەدی باکووری کوردستان پێشکێشی دەکات.
 

کەرەمۆ لەبارەی پۆدکاستی دەنگێن ڤیانێ دەڵێت: "هەفتانە لە پۆدکاستەکەمدا هەوڵدەدەم 'دەنگێن ڤیانێ' ببێتە سەکۆ و جێگایەک بۆ خستنەڕووی ئەو دەنگە کوردییە رەسەنانە هەروەها ئامانجەکە جگە لە پێدانی دەرفەت بەو دەنگبێژانە، هاوکات هۆکارێکی گرنگیش دەبێت بۆ ئەرشیفکردنی دەنگ و ئاوازە کوردییەکان".
 
زار و نەتەوە
 
پۆدکاستێکی کولتووری و مێژووییە، باسی زمان، نەتەوە و کێشەکانی زمانی کوردی و ئاستەنگەکانی بەردەم دروستبوونی زمانی یەکگرتووی کوردی، و بنەماکانی بوونی نەتەوە دەکات. بە میوانداریی محەممەد مەسعود محەممەد و پێشکێشکردنی محەممەد رەحیم دەخرێتە بەردەستی گوێگران. 
 

محەممەد مەسعوود محەممەد، لەبارەی پۆدکاستی 'زار و نەتەوە' دەڵێت: "ئایا کورد نەتەوەیە یان پرۆژەی نەتەوەیە؟ لەم پۆدکاستەدا پەنجە لەسەر برینەکان دادەنێین، باسی ئەو قۆناخە گرنگانە دەکەین کە نەتەوە گەورەکانی جیهان پێیاندا تێپەڕیوون، هەروەها سەرنج دەخەینە سەر ئەو دەردە کۆمەڵایەتیی و سیاسییانەی کە تاوەکو ئەمڕۆ کورد بەدەستییەوە دەناڵێنێت."
 
ئارکی کاست
 
پۆدکاستێکی تایبەتە بە دیزاین و ستایلی ماڵ، شێوازی باڵەخانە و رووی دەرەوەی خانووەکان و کەلوپەلەکانی ناوی و دیزاینکردنی ژوورەکان، و هەڵبژاردنی رەنگ و کەرەستەکان لە دروستکردنی خانوو و دیزاینکردنی نێو ماڵ. زەهرا سەرهەنگ هەموو سێشەممەیەک پێشکیشی دەکات. 
 

زەهرا سەرهەنگ دەڵیت: "گرنگترین ئەو بنەمایانە چین لەکاتی دیزانکردنی خانوو و ماڵ و نوسینگەکانمان پێویستە رەچاوی بکەین؟
 
ئەو خاڵە بنەڕەتییانە چین بۆ ئەوەی دیزاینی نووسینگە و ماڵەکان بەگوێرەی ستانداردێکی جیهانی بێت و لەگەڵ سرووشتی ژینگەی ماڵ و نوسینگەکان بگونجێت، هەفتانە لەگەڵ میوانەکانم کە پسپۆڕی ئەندازیارین گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە دەکەین.
 
گفتوکۆد
 
پۆدکاستێکی زانستیی تەکنەلۆژییە، مژارەکانی تایبەتن بە نوێترین داهێنانە تەکنەلۆژییەکان و رۆڵی ژیری دەستکرد لە ئایندەی مرۆڤایەتیدا. یەحیا چاڵی و محەممەد یاسین رۆژانی دووشەممە پێشکێشیدەکەن. 
 

یەحیا چاڵی دەڵێت: "داهێنانە تەکنەلۆژییەکان چرکە بەچرکە لەگۆڕاندان، هاوکات زیرەکی دەستکرد گەورەترین ئاڵنگاریی دەساڵی داهاتووە و کێشە و گرفتەکانی ئەم زانستە نوێیە چییە؟ ئێمە چۆن مامەڵە لەگەڵ پێشکەوتن و ئاڵنگارییەکانی جیهانی تەکنەلۆژیا بکەین؟ هاوکات، باسی ئەوە دەکەین کە چۆن خۆمان بپارێزین و زانیاری و داتا کەسییەکانمان بەشێوەیەکی گونجا و سەلامەت لە مەترسییەکان بپارێزین".
 
دیاردە
 
پۆدکاستێکی تایبەتە  بەدیاردە کۆمەڵایەتییەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی، شرۆڤە و لێکدانەوەی دیاردەکان و کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە. جەبار جەمال غەریب پێشکێشیدەکات.
 
نووسەر و رووناکبیر، جەبار جەمال غەریب دەڵێت: "دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەرییەکی تەواوییان لەسەر ئایندەی کۆمەڵگە و کولتووری کۆمەڵگەکان هەیە، ئێمە چۆن شیکردنەوە بۆ ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییانە بکەین؟ هاوکات ململانێی نەوەکان لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی دی یەکێکە لە زەقترین رەگەزەکانی گۆڕانکاری و نوێبوونەوە."
 

ئایا هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکان نەرێنین؟ جەبار جەمال غەریب دەڵیت: "بەشێک لەو دیاردانەی دەبنە بەشێک لە کولتوور مەترسییان چییە؟ ئەی ئەو دیاردە نەرێنییانە چین کە مەترسی بوونە کولتووریان هەیە، لە پۆدکاستی دیاردە وەڵامی دەدەینەوە." 
 
تاخا جوانان
 
پۆدکاستێکی تایبەتە بە گەنجان و بۆ هەر ئەڵقەیەک گەنجێکی بەهرەمەند لە باکووری کوردستان کە لە بوارێکدا جێدەستی دیارە دەکاتە میوان و باسی ئەزموونی خۆی دەکات، پۆدکاستەکە لەلایەن ئینان ئەرئۆغلو لە ئامەدی باکووری کوردستان پێشکیش دەکرێت. 
 
ئینان ئەرئۆغلو دەڵێت: "زۆرن ئەو گەنجە بەهرەمەندانەی لە باکووری کوردستان جێدەستیان لەنێو کۆمەڵگە و شارەکانیاندا دیارە، لە هەموو ئەوبوارانەی ژیاندا رۆڵ و کاریگەرییان هەیە، من لە پۆدکاستی 'تاخا جوانان' هەوڵدەدەم دەرفەت و سەکۆیەکی گەنجانە بێت و باسی رۆڵ و ئەزموونیان لە گەشەپێدانی تواناکانیان بکەم.
 

ئینان ئەرئۆغلو دەشڵێت: "لە 'تاخا جوانان' باسی ئەو ئاڵنگاری و رێگرییانە دەکەین کە گەنجان لەنێو کۆمەڵگەدا رووبەڕوویان دەبێتەوە."
 
بیرەوەرییەکانی دۆزەخ
 
پۆدکاستێکی مێژووییە، لەرێگەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەوە رووداوەکان بە گوێگر و بینەران ئاشنا دەکات، سەلام سەعدی پێشکێشی دەکات و هەرجارەو میوانێکی دەبێت.
 
سەلام سەعدی، ئامادەکاری پۆدکاستی 'بیرەوەرییەکان دۆزەخ' دەڵێت: "زۆرن ئەو چیرۆکە نەگوتراوانەی کە قوربانی دەستی داپڵۆسین و ئەشکەنجەی زیندان و بەندیخانەکانی حکومەتی بەعسن."
 

سەلام سەعدی دەڵێت: "لە 'بیرەورییەکان دۆزخ'دا باسی چیرۆکی ئەو کەسانە دەکەین کە هەنگاوێک پێش گەیشتن بە مردن گەڕاونەتەوە، هەروەها هەوڵدەدەین لەم پۆدکاستەدا باسی ئەو دۆخ و ساتانە بکەین کە قوربانییەکان پێیدا تێپەڕیون و وەکو بەشێک لە مێژووی تۆمار نەکراو ماونەتەوە".
 
گرین بۆکس
 
پۆدکاستێکی رۆشنبیریی ژینگەییە تایبەتە بە ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، هەموو رۆژانی دووشەممە چراخان ئاسۆ لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤە و لێکدانەوە بۆ ئەو گۆڕانکارییە ژینگەییانە دەکات، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە روودەدەن.
 

چراخان ئاسۆ، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی گرین بۆکس دەڵێت: "گۆڕانی کەشوهەوا و تێكچوونی هاوسەنگی، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو و کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی، هەموو ئەمانە کاریگەری راستەوخۆ و درێژخایەنیان لەسەر ژیان و تەندروستی هەموو مرۆڤێک هەیە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بابەتییانە و ورد باسی ئاڵنگاریی و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بکەین، هەفتانە گوێبیستی گرین بۆکس بن."
 
رووداوی جیهان 
 
رۆژانە رووداوی زۆر لە جیهاندا روودەدەن، رەنگە ئێمە تەنیا فریای ئەوە بکەوین بەشێکی ئەو هەواڵانە بزانین بەشێوەیەکی ئاسایی، بەڵام لە پۆدکاستی رووداوی جیهان لە رادیۆی رووداو، هەفتانە رۆژنامەڤان لهۆن نەسرەدین، ئیدیتۆر لە دیسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداو، گرنگترین رووداوی هەفتە لەسەر ئاستی جیهانی کە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی و جیهانی دەبێت، هەڵدەبژێرێت و شرۆڤەیان دەکات.
 
لهۆن نەسرەدین، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی رووداوی جیهان دەڵێت: "سەرقاڵیی ژیان، وا لە مرۆڤ دەکات ئاگاداری هەموو هەواڵ و رووداوێکی شار و تەنانەت وڵاتەکەی خۆشی نەبێت، بەڵام ئێمە لە پۆدکاستی رووداوی جیهان، هەفتانە گرنگترین هەواڵ و رووداوەکانتان بۆ هەڵدەبژێرین و شرۆڤەی بابەتییانە بۆ گرنگترین رووداوی جیهان دەکەین، کە دەشێت کاریگەریی راستەوخۆی یان ناڕاستەوخۆی لەسەر تاکی کۆمەڵگەی کوردستانی هەبێت".
 
رووداوی عێراق
 
ئەو رووداوانەی لە عێراق روودەدەن، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر تەواوی باشووری کوردستان دەبێت، هەفتانە رۆژنامەڤان هەستیار قادر، ئیدیتۆری دیسکی عێراقیی تۆڕی میدیایی رووداو لەڕێگەی پۆدکاستی رووداوی عێراقەوە نوێترین زانیاری لەسەر رووداوەکان و شرۆڤە و لێکدانەوەی بابەتییانە بۆ گرنگترین رووداوی عێراق دەکات و زانیارییەکانی پشت پەردە دەخاتەڕوو، هەروەک لەگەڵ میوانی تایبەتمەند و شارەزا شرۆڤەی ورد و بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات. 
 
هەستیار قادر، ئامادەکار و پێشکێشکاری رووداوی عێراق دەڵێت: "رۆژانە رووداوی چاوەڕواننەکراو و بەپەلە لە عێراق روودەدەن، بەشێک لەو هەواڵانە تەنیا بەشێوەیەکی رووکەش تەماشای دەکەین، ئێمە لە پۆدکاستی رووداوی عێراق دیوی پشتەوەی هەواڵ و رووداوەکان دەخەینەڕوو، لە پۆدکاستی رووداوی عێراق زانیاری نەگوتراوتان پێدەڵێین و بۆتان رووندەکەینەوە؛ لە پشتەوەی هەواڵەکاندا چی دەگوزەرێت."
 
بازاڕ 
 
بۆچی وڵاتێک پێشکەوتووترە لە وڵاتێکی دیکە؟ بۆچی کەسێک لە کەسێکی دیکە دەوڵەمەندترە و داهاتی زیاترە؟ دوو فرۆشیار بەتەنیشتی یەکەوەن، بەڵام یەكێکیان داهاتی لەوی دیکە زیاترە. گرنگترین رووداوە ئابوورییەکان چین و چ کاریگەرییەکیان لەسەر بازاڕ و جووڵەی بازاڕ دەبێت؟ 
 
هەفتانە محەممەدی شێخ فاتیح لەڕێگەی پۆدکاستی 'بازاڕ' لە رادیۆی رووداو، شرۆڤەی جموجووڵەکانی بازاڕ، ئاڵوگۆڕ و فرۆشتن دەکات، پێشکێشکار لە پۆدکاستەکەیدا باسی لێکەوتەی رووداوەکان لەسەر بازاڕ دەکات و فرۆشیاران و خاوەنکاران چۆن خۆیان لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا بگونجێنن بۆ ئەوەی کاریگەری خراپی لەسەر کار و بەرهەمەکانیان نەبێت.
 
محەممەدی شێخ فاتیح دەڵێت: "لە پۆدکاستی بازاڕ، سەرنجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە هاونیشتمانی، خاوەنکار و کاسبکار بتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی بازاڕ و جموجووڵی بازاڕدا خۆیان بگونجێنن، هەروەک باس لە گرنگترین ئەو رووداو و پێشهاتانەی هەفتە دەکەین، کە لێکەوتەیان لەسەر دۆخی ئابووریی وڵات و هاونیشتمانییان دەبێت."
 
5 خولەک
 
پۆدکاستی پێنج خولەک، رۆژانە لە رادیۆی رووداو لە دوو کاتی جیاوازدا لەلایەن ئەدلین قاسم، پێشکێش دەکرێت، پۆدکاستی 'پێنج خولەک' دیوێکی دیکەی هەواڵەکانە و رۆژانە لەماوەی پێنج خولەکدا هەواڵەکان پێشکێش دەکرێن و نوێترین و گرنگترین هەواڵەکانی هەر چوار بەشی کوردستان و جیهان دەخرێتە بەر گوێی بیسەرانی رادیۆی رووداو.
 
ئەدلین قاسم، پێشکێشکاری پۆدکاستی 5 خولەک دەڵێت: "هەواڵ و رووداو زۆرن، بەڵام ئێمە رۆژانە لە 5 خولەک گرنگترین هەواڵەکانی باشوور، باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و جیهان دەخەینە بەر گوێی ئێوە، 5 خولەک بژاردەی گەرمترین و گرنگترین هەواڵەکانە."
 
چاوی سێیەم
 
پۆدکاستی چاوی سێیەم، پۆدکاستێکی گفتوگۆئامێزە و لەلایەن رۆژنامەڤان حوسێن عومەر، بەرپرسی دیسکی رۆژئاوای کوردستان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکش دەکرێت، لە پۆدکاستەکاندا تیشک دەخاتە سەر گرنگترین رووداو و پێشهاتە سیاسیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی رۆژئاڤای کوردستان و سووریا، کە کاریگەری لەسەر دۆخی رۆژئاڤای کوردستان دەبێت و لەگەڵ میوانەکانیدا شرۆڤەی بابەتییانە بۆ رووداوەکان دەکات.
 
حوسێن عومەر، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی چاوی سێیەم دەڵێت: "لە چاوی سێیەم بە هاوێنەیەکی بێلایەن و بابەتییانە لەگەڵ میوانەکانم شرۆڤەی رووداوەکانی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان دەکەین و، باس لە لێکەوتەکانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردستانی لە رۆژئاڤا دەکەین."
 
یاریگەی رووداو
 
هەفتانە لەگەڵ رۆژنامەڤانانی دێسکی وەرزشی لە تۆڕی میدیایی رووداو، رێبوار محەممەد، ئیحسان تاهیر و سامان وڵاتژێری لە پۆدکاستی 'یاریگەی رووداو'ـەوە شرۆڤە و باسی هەواڵ و رووداوە وەرزشییەکان دەبیستن، پێشکێشکارانی یاریگەی رووداو لە پۆدکاستی یاریگەی رووداودا باس لەو خول و یارییە جیهانییانە دەکەن، کە بۆ تۆی وەرگر جێی بایەخن، ئەوان پێکەوە شرۆڤەی هەواڵ و پێشهاتە وەرزشییەکان دەکەن و زانیاری نەبیستراوتان پێدەڵێن.
 
بەکاتی ئامەد
 
پۆدکاستی بەکاتی ئامەد، پۆدکاستێکی هەفتانەیە گرنگی بە رووداو و پێشهاتە کۆمەڵایەتی، ئابووری سیاسی و فەرهەنگییەکانی باکووری کوردستان دەدات، لە پۆدکاستی بەکاتی ئامەد گرنگترین رووداوی هەفتە دەکرێتە رۆژەڤ و شرۆڤە و باسدەکرێت.
 
هەفتانە ماشەڵڵا دەکاک، لە رێگەی پۆدکاستی بەکاتی ئامەد لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی رووداوەکان دەکات و گفتوگۆیان لەسەر دەکات.
 
ماشەڵڵا دەکاک، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی بەکاتی ئامادە دەڵێت: "پۆدکاستی 'بەکاتی ئامەد' جیاواز لە هەر پۆدکاستێکی دیکە، هەوڵێکە بۆ باسکردنی گرنگترین رووداو و پێشهاتەکانی باکووری کوردستان و بەڕۆژەڤکردنیان، هەروەک لە بەکاتی ئامەد باس لەو بابەتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی و فەرهەنگییانە دەکەین، کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی باکووری کوردستان دەبێت."
 
بەکاتی سلێمانی
 
بەکاتی سلێمانی، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ئاسۆ سەراوی، رۆژنامەڤان لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێش دەکرێت. هەفتانە ئاسۆ سەراوی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری و تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی سنووری سلێمانی و پارێزگای سلێمانی دەبێت. 
 
پێشکێشکار لە پۆدکاستی 'بەکاتی سلێمانی' سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی سلێمانی دەبێت.
 
ئاسۆ سەراوی، ئامادەکار و پێشكێشکاری بەکاتی سلێمانی دەڵێت: "لە پۆدکاستی بەکاتی سلێمانی، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بۆ باسکردنی دیارترین گرفت و کێشەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بکەین لەماوەی هەفتەیەکدا، هەروەک لەگەڵ میوانەکانم بەدواداچوون بۆ سەرنج و گلەیی و گازەندەی هاونیشتمانیان لە سلێمانی و دەوروبەری دەکەم".
 
بەکاتی دهۆک
 
بەکاتی دهۆک، پۆدکاستێکی هەفتانەیە، لەلایەن ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە دهۆک پێشکێشدەکرێت. هەفتانە ناسر عەلی، لەگەڵ میوانەکانی شرۆڤەی گرنگترین رووداو و پێشهاتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگوزاری، تەندروستی و ئابووری دەکات کە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاونیشتمانیانی دانیشتووی دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا دەبێت. 
 
پێشکێشکار لە پۆدکاستی 'بەکاتی دهۆک' سەرنجی سەرەکی لەسەر دۆخی خزمەتگوزاری و گوزەرانی هاونیشتمانیانی دهۆک و دەڤەری بادینان و دەشتی نەینەوا و شنگال دەبێت.
 
ناسر عەلی، ئامادەکار و پێشکێشکاری بەکاتی دهۆک دەڵێت: "لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک سەرنجی ئێمە لەسەر گرفت و کێشە خزمەتگوزاری و ئاریشە کۆمەڵایەتییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان دەبێت، هەروەک هەوڵدەدەین لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک، سەکۆ و مینبەری هاونیشتمانیانی سنووری پارێزگای دهۆک، دەڤەری بادینان، دەشتی نەینەوا و شنگال بین."
 
لەگەڵ ئادەم
 
هەفتانە ئادەم بێدار، لەڕێگەی پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم لەگەڵ میوانەکانی گفتوگۆ لەسەر رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی دەکات لە روانگەی ئایینەکانەوە، بە ئامانجی ئەوەی تێگەیشتنێکی میانڕۆیی لەسەر کۆی ئەو رووداوانە بکرێت، کە کاریگەرییان لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی هەیە. 
 
گفتوگۆ لەبەرنامەی لەگەڵ ئادەم بە ئاراستەی رێزگرتن و یەکترقبووڵکردنی هەموو ئایینەکانە لەنێو کۆمەڵگەی کوردستانیدا.
 
لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم هەوڵدەدرێت تێگەیشتنێکی بابەتییانە بۆ هەموو ئەو بابەتانە بکرێت کە لێکەوتەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و دەروونی لەسەر ژیانی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
ئادەم بێدار، ئامادەکار و پێشکێشکاری پۆدکاستی 'لەگەڵ ئادەم' دەڵێت: "لە پۆدکاستی لەگەڵ ئادەم، هەوڵدەدەین گفتوگۆیەکی هێمنانەی بەرهەمدار بەئاراستەی تێگەیشتن و تێڕوانینی هاوبەش بۆ گرنگترین رووداوەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی لە دیدی ئایینەکانەوە باسبکەین و جەخت لەسەر بەهاکانی پێکەوەژیان و لێبووردەیی بکەینەوە".
 
مژار
 
مژار جیاواز لە هەموو پۆدکاست و پرۆگرامێکی دیکەیە، رۆژانە بازنەی یەکەمی گرنگیپێدانی ئەم پۆدکاستە کە لەلایەن محەممەد رەحیم پێشکێش دەکرێت، گرفت و کێشەکانی هاونیشتمانییانە.
 
لە پۆدکاستی 'مژار' هاونیشتمانییان دەتوانن لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە گرفت و کێشەکانیان باس بکەن و تۆڕی میدیایی رووداو لەرێگەی بەش و ناوەندەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانییەوە، کار دەکات بۆ ئەوەی بەدواداچوون و راپۆرتی بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتەکان بکات و وەڵامی گرفت و پرسیارەکانی هاونیشتمانیان وەربگرێت. 
 
محەممەد رەحیم ئامادەکار و پێشکێشکاری مژار دەڵێت: "تەنیا خستنەڕووی کێشە و گرفتەکان بەس نییە، بەڵکو بەدواداچوون و بنکۆڵکاری بۆ کێشە و گرفتی هاونیشتمانیان ئەرکی سەرەکیی ئێمەیە، مژار، سەکۆ و دەنگی هاونیشتمانییانە و ئێمەش بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان دەکەین لەگەڵ لایەنی بەرپرس و پەیوەندیدار."