لە تورکیا و باکووری کوردستان هێڵی هەژاری 2000 دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی توێژینەوەیەک لە باکووری کوردستان و تورکیا هێڵی برسێتی کەمترین مووچەی تێپەڕاندووە، خێزانێکی چوار کەسی داهاتی مانگانەی 680 دۆلار بێت برسییە، هەمان ئەو خێزانە داهاتی مانگانەی دوو هەزار و 65 دۆلار بێت، هەژارە.
ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆنفیدراسیۆنی یەکگرتووی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، ئەنجامی ئەو توێژینەوەیەی بڵاوکردەوە کە بۆ مانگی نیسانی ئەم ساڵ لەبارەی "هێڵی برسێتی و هەژاری" لە تورکیا ئامادەی کردووە.
بە گوێرەی توێژینەوەکە لە باکووری کوردستان و تورکیا هێڵی برسێتی لە ماوەی یەک مانگدا 452 لیرە زیادیکردووە، کە دەکاتە نزیکەی 12 دۆلار و گەیشتووەتە 26 هەزار و 178 لیرە کە بە نرخی ئەمڕۆ دەکاتە 680 دۆلار. ئەمە لەکاتێکدایە کەمترین بڕە مووچە لە تورکیا 22 هەزار و 104 لیرەیە کە دەکاتە 575 دۆلار. هەروەها هێڵی هەژاری لە هەمان مانگدا یەک هەزار و 182 لیرە زیادیکردووە کە دەکاتە نزیکەی 31 دۆلار و گەیشتووەتە 79 هەزار و 413 لیرە، کە دەکاتە دوو هەزار و 65 دۆلار.
لە مانگی نیساندا نرخی جۆرەکانی گۆشت و هێلکە و دانەوێڵە زۆرترین بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، دوای ئەویش شیر و بەرهەمەکانی.
بەپێی راپۆرتەکە، بۆ ئەوەی کەسێک بەشێوەیەکی تەندروست بژی، خەرجی مانگانەی بەمشێوەیەیە:
حەوت هەزار و 920 لیرە (206 دۆلار) بۆ کڕینی گۆشت و مریشک و ماسی.
پێنج هەزار و 297 لیرە (138 دۆلار) بۆ کڕینی شیر و بەرهەمەکانی.
شەش هەزار و 244 لیرە (162 دۆلار) بۆ کڕینی سەوزە و میوە.
دوو هەزار و 172 لیرە (57 دۆلار) بۆ کڕینی نان و ئارد و مەعکەرۆنی.
997 لیرە (26 دۆلار) بۆ کڕینی برنج و ساوەر.