سەندیکای کرێکاران: هەر خاوەنکارێک لە یەکی ئایاردا کار بە کرێکارەکانی بکات رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان رایگەیاند لە كەرتی تایبەت بەردەوام مافی كرێكاران پێشێل دەكرێت و لە جەژنەكەی خۆشیاندا كە یەكی ئایارە 90%ـیان پشوویان پێنادەن. هۆشداریش دەداتە خاوەن کارەکان، کە لە یەکی ئایاردا کار بە کرێکاران نەکەن.
چالاك رەئووف، سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان لە (پۆدكاستی) بەكاتی سلێمانی رایگەیاند، لە كەرتی تایبەتدا زۆرترین مافی كرێكاران "پێشێل دەكرێت".
سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان نموونەی بە یەکی ئایار هێنایەوە، کە جەژنی کرێکارانە و گوتی: "دەبێت لەو رۆژەدا كرێكاران پشوو بدەن، بەڵام 90%ـی كرێكارانی كەرتی تایبەت بەبێ رەزامەندی خۆیان كاریان پێدەكرێت، کە كاریشیان پێدەكرێت مووچەی ئەو رۆژەیان بۆ ناكەنە دووهێندە لەكاتێكدا بەپێی یاسا و رێنماییەكان دەبێت بەو جۆرە بێت".
سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان جەختی لەوە كردەوە، یەكی ئایاری ئەم ساڵ بەدواداچوون بۆ ئەو رۆژە پشووەی كرێكاران دەكەن و "ئەگەر خاوەنكارێك پێشێلكاری كرد، رێكاری یاسایی بەرامبەری دەگرنەبەر".
بەپێی بڕیاری وەزارەتی كار، دەبێت كەمترین مووچەی مانگانەی كرێكارێكی ناكارامە لە 360 هەزار دینار كەمتر نەبێت، بەڵام بەشێكی كرێكارانی كەرتی تایبەت لەو بڕە پارەیە كەمتریان هەیە و لە بری هەشت كاژێر،10 كاژێر كاریان پێدەكرێت.
چالاك رەئووف لەو بارەیەوە گوتی "ئەوە راستە ئێمەش دەزانین پێشێلكارییەكی زۆر لەو بوارەدا هەیە، بەڵام گرفتمان ئەوەیە كرێكاران سكاڵا تۆمار ناكەن، بۆیە هەر كرێكارێك مافی پێشێلكرا دەتوانێت پەیوەندیی بە ژمارە 5500 بكات و هەموو نهێنییەكیشی پارێزراو دەبێت".
كەمی لیژنەكانی بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەستەبەری کار هۆكارێكی دیكەیە بۆ ئەوەی مافی كرێكاران پێشێل بكرێت، چالاك رەئووف دەڵێت: "لە هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكی دەستەبەری كار گرفتی كەمی لیژنەكانی بەدواداچوون هەیە، دەبێت هەر یەكێكیان لانیكەم 20 لیژنەی بەدواداچوونیان هەبێت، بەڵام لە سلێمانی یەك لیژنە هەیە، ئیدی چۆن كارەكان بەباشی دەكرێن".
بە گوتەی سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كرێكارانی كوردستان، ئەم ساڵ تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 12 هەزار و 192 كرێكار دەستەبەركراون.
گوتیشی: "هەر كرێكارێك دەستەبەر كرا، دەبێت هەموو مافێكی خانەنشینی هەبێت، بەڵام بەداخەوە بەو جۆرە نییە، كارمەندی خۆمان هەیە ئافرەتە و لە سەندیكا كار دەكات، دەستەبەركراوە و دەبێت هەموو مافێكی كارمەندێكی حكومی هەبێت، بەڵام كە منداڵی بوو بەپێی یاساكە دەبوو یەك ساڵ مۆڵەتی دایكایەتی پێبدەن وەك هەر كارمەندێكی حكومی، بەڵام بۆیان نەكرد، جا مافی كارمەندێكی سەندیكا بەو جۆرە پێشێل بكەن دەبێت چی لە كرێكاری دیكە بكەن".
سەبارەت بە سندووقی خانەنشینی کرێکارانی کەرتی تایبەت، ئەو بەرپرسەی سەندیکا گوتی: "بەپێی بەدوادچوونەكانی ئێمە سندوقەکە زیاتر لە یەک ترلیۆن دیناری تێدایە، بەڵام هەر ژمارەیە و پارەی نەختینەی تێدا نییە".
هەر كرێكارێكی كەرتی تایبەت كە دەستەبەر كرا، 17% مووچەكەی دەبڕدرێت كە 5% هی خۆیەتی و 12%ـی خاوەن كارەكەی بۆی دەدات.
ئەو 17%ـیە بۆ كاتی خانەنشینبوون ، بیمەی تەندروستی و دوو مانگی بێكاری كرێكارەكە دەبێت خەرج بكرێت.