لە کەمتر لە 24 کاژێردا بەرپرسیاری رووداو ژیانی یونس عەباسی گۆڕی
رووداو دیجیتاڵ
دوای تەنیا رۆژێک لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی لە بەرنامەی "بەرپرسیار"ی تۆڕی میدیایی رووداو، ژیانی یونس عەباس، گەنجە تەمەن 25 ساڵەکە، گۆڕانکاریی بەسەردا هات.
یونس دەڵێت، ئەو کچەی پێشتر رازی نەبووە هاوسەرگیریی لەگەڵ بکات، دوای بەرنامەکە پەیوەندیی پێوەکردووە و رازی بووە. هاوکات، کۆمپانیایەک گرێبەستی نمایشکاریی پێشکێش کردووە و دەزگایەکی خێرخوازیش هەموو خەرجیی ژنهێنانەکەی گرتووەتە ئەستۆ.
دەزگای خێرخوازیی حاجی ئیدریس سوورچی، یەکێک بوو لەو لایەنانەی هەر زوو بەدەم داواکەی یونسەوە چوو.
بەهێز سابیر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەزگاکە بە رووداوی راگەیاند: "دەزگاکەمان هەموو تێچووی نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ یونس گرتووەتە ئەستۆ، هاوکات کەلوپەلی نێوماڵی بۆ دابین دەکەین، خەرجیی هاوسەرگیری بۆ دابین دەکەین و کارێکی شایستەی بۆ دەدۆزینەوە و ناوی لە تیروپشکی خانوودا بۆ تۆمار دەکەین تاوەکو ژیانێکی شایستەی هەبێت."
یونس عەباس، ئەمڕۆ چوارشەممە دوای رۆژێک لە بەرنامەکە، دووبارە میوانی بەرپرسیار بوو، گوتی: "دوای بەرنامەکەی دوێنێ، بووک ئامادەبوو، تەلەفۆنی بۆ کردم و رازی بوو، لەکاتێکدا پێشتر رازی نەدەبوو. ئێستا تەنیا ماوە خانووم هەبێت."
هاوکارییەکان تەنیا لە بواری پزیشکی و ژیاندا قەتیس نەمانەوە، بەڵکو چەندین کۆمپانیای کەرتی تایبەت ئۆفەری جیاوازیان پێشکێش کرد. گۆران خدر، خاوەنی براندی ڤاناس مۆدە لە هەولێر، بە رووداوی گوت: "سێ قات جلوبەرگی گرانبەهای بۆ دەستنیشانکردن، مارەبڕین و گواستنەوەی پێشکێش دەکەین، کە بەهای هەندێکیان بۆ کرێ دەگاتە 8 هەزار دۆلار. هەروەها ئارایشتگەی ڤی ئای پی و جلوبەرگی زاواش لەسەر ئێمە دەبێت."
یەکێک لە گەورەترین دەرفەتەکان بۆ یونس، کارکردن بوو وەک نمایشکار. ئەو دەڵێت: "کۆمپانیای بای دەنیز لە زاخۆ پەیوەندییان پێوەکردم و رێککەوتووین سبەی سەردانیان بکەم بۆ ئەوەی گرێبەستی کارکردن وەک نمایشکاری جلوبەرگ واژۆ بکەم. ئەمە کارێکی نایابە بۆ من."