هاتووچۆی هەڵەبجە: 29 رووداوی ئەمساڵ ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لێی بەرپرس بوون


  • رووداو دیجیتاڵ

  • دوای ئەوەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی بێسەرەتای لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا دەرکرد، کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە. 

 

  • بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڕیارەکە بۆ پاراستنی ئاسایش و رێکخستنەوەی سیمای شارە، بەڵام خاوەن ئەو ئۆتۆمبێلانە دەڵێن، بڕیارەکە کاریگەریی لەسەر بژێویی ژیانیان داناوە.
  • رۆژی دووشەممە، 27ـی ئەم مانگە، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، هەر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکی بێسەرەتا لەنێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا ببینرێت، دەستی بەسەردا دەگیرێت.
  • سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی بێسەرەتا لە سەنتەری هەڵەبجە سیمایەکی ناشارستانی دروستکردووە". راشیگەیاند بڕیارەکە ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەگرێتەوە کە پێشتر لەلایەن ئاسایشەوە "پێناسەی ئەمنی"یان بۆ کراوە، چونکە ئەو پێناسەیە تەنیا بۆ دۆزینەوەی خاوەنەکانیانە لە کاتی رووداوی ئەمنیدا، نەک رێگەپێدانی هاتووچۆ.
  • هاتووچۆ: سەرپێچی و رووداوەکان هۆکارن
  • بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکە بۆ زۆریی سەرپێچی و رووداوەکان دەگەڕێنێتەوە. موقەدەم سەڵاح عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەڵەبجە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئەم بڕیارە دەرەنجامی سەرپێچییەکانیانە. ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان جام رەش دەکەن، تەنانەت جامی پێشەوەش، 'فەرارە' لێدەدەن و پابەندی هێماکانی هاتووچۆ نابن".
  • گوتەبێژی هاتووچۆی هەڵەبجە ئامارێکی مەترسیداریشی خستەڕوو و گوتی: "ئەمساڵ 44 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، لەو ژمارەیە 29 رووداویان تایبەت بوون بە ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا. هەروەها چەند ساڵێک لەمەوبەر بەشێکی زۆری ئەو ئۆتۆمبێلانە لە پشکنین دەرنەچوون و دەرکەوتووە کە سەلامەت نین".
  • سەڵاح عەلی ئاماژەی بەوەشدا کە سەرچاوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە نایاساییە و زۆربەیان مۆدێلیان نزمە و بەهۆیەوە ساڵنامەیان پێنادرێت.
  • خاوەن ئۆتۆمبێلەکان: بژێویمان لەسەرە و ترسمان هەیە
  • لەبەرامبەردا، خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان نیگەرانن و داوای چارەسەرێکی گونجاو دەکەن. کاروان عەلی، یەکێک لە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە، لە بەرپرسیار، گوتی: "لەو کاتەوەی بڕیارەکە دەرچووە، لە ترسی دەستبەسەرداگرتن، رۆژانە تەنیا یەک جار لە ماڵ دەچمە دەرەوە. زۆر کەسی وەک من بژێویی ژیانیان لەسەر ئەم ئۆتۆمبێلانەیە".
  • کاروان پێشنیاز دەکات کە حکومەت چارەسەرێکیان بۆ بدۆزێتەوە و دەڵێت: "با حکومەت بە پارەش بێت ئاڕمێکمان بۆ بکات، هەم بۆ ئێمە باشە و هەم داهاتیشە بۆ حکومەت. با ئۆتۆمبێلەکان پۆلێن بکرێن، ئەوانەی مەرجی سەلامەتییان تێدایە رێگەیان پێبدرێت".
  • ئەو هاونیشتمانییە باسی لەوەش کرد کە زۆربەی کڕیاری ئەو ئۆتۆمبێلانە کەسانی کەمدەرامەتن و نرخیان لەنێوان 4 بۆ 7 هەزار دۆلارە، بەڵام زۆربەیان مەرجی سەلامەتییان "تێدایە" و "ئۆتۆمبێلی تابلۆ هەیە لە رووداودا بووەتە سێ لەت، بەڵام ئەمانە خۆیان راگرتووە".
  • لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاندووە: "ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان و ماتۆڕسکیلەکان بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکاندا هاتووچۆ بکەن یان ئۆتۆمبێلەکان رابگیرێن؛ بە تایبەتی لە ناوەندی بازاڕدا. دەست دەگیرێت بەسەر هەر ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلێکی سەرپێچیکاردا و خاوەنەکانیان رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی تووند دەبنەوە".