بە گرتە ڤیدیۆیەك، مێردەكەی دەڕووتێنێتەوە

رووداو – هەولێر

شیرین هەستی بە گۆڕانی هەڵسوكەوتی مێردەكەی كردبوو، دڵنیابوو لەوەی كە بەبێ‌ هۆ نییە، دواتر بە بەڵگەی ڤیدیۆیی بۆی ئاشكرا دەبێ‌ كە مێردەكەی پەیوەندی لەگەڵ ژنە كارگوزارێكی فەرمانگەكەیان هەیە. هەر لە رێگەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەوە دەست بەسەر ماڵ و سەروەتی مێردەكەیدا دەگرێ‌.

شیرین ناوی خوازراوی ئافرەتێكی 40 ساڵانە، ماوەی 13 ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ عادلی تەمەن 43 ساڵ كردووە و خاوەنی سێ‌ منداڵن.  شیرین لەلایەن مێردەكەیەوە سكاڵای لەسەر تۆمار كرابوو،  بە فەرمانی دادوەر بۆ بنكەی پۆلیس هێنرابوو.

شیرین كە چاوەڕێ‌ بوو ئیفادەی لێوەربگیرێ‌، بە (رووداو)ی گوت: "لەگەڵ عادل بە خۆشەویستی هاوسەرگیریمان كرد. پێنج ساڵە شوفێری فەرمانگەیەكە. نزیكەی شەش مانگە شەوان بە بیانووی یاریی پەبجی درەنگ دەخەوت، زۆرجار لە كاتی یاریدا هاواری دەكرد، هەندێكجاریش بە هێواشی قسەی دەكرد".

ئەو كە هاوژینەكەی بە كەسێكی كەمدوو و تووڕە وەسف كرد، دەڵێت: "ئەو ماوەیە هەڵسوكەوتی تەواو گۆڕابوو، جاران ئەگەر شەوێك نەهاتبامەوە، ماڵەكەی لێ‌ دەبوو بە دۆزەخ، بەڵام بەمدواییە زوو زوو دەیگوت بۆ سەردانی دایك و باوكت ناكەی؟ ئەوان بە تەمەنن، ئەگەر شەو لەلایان بمێنییەوە دڵیان پێی خۆش دەبێ‌".

ئەو قسانەی عادل گومانی زۆر لەلای شیرین پەیدا دەكات، بۆیە شەوێك سەیری مۆبایلەكەی دەكات و پەیوەندی بە دوایین ژمارەوە دەكات كە عادل قسەی لەگەڵ كردووە، ژنێك وەڵام دەداتەوە و دەڵێت "دایخەوە ئێستا مەجالم نییە".

شیرین لەوە دڵنیا دەبێتەوە كە مێردەكەی خیانەتی لێ‌ دەكات، بۆیە پلانی دووەمی بۆ دادەنێ‌. شەوێك مۆبایلێك دەخاتە ژێر تەختی خەوتنەكەی و بە نهێنی دەنگی تۆمار دەكات. دواتر بۆی دەردەكەوێ‌ كە عادل پەیوەندی بە كارگوزارێكی فەرمانگەكەیانەوە هەیە.

شیرین گوتی: "عادل پێی دەیگوت دوای ئەو چایە بۆنخۆشەی وەك خۆت بۆنی خۆشە، بێز لە هەموو چایەك دەكەمەوە، بەزۆر لە ماڵەوە چا دەخۆمەوە".

پلانی سێیەمی شیرین ئەوە بووە كە سەرجەم كارمەندەكانی فەرمانگەكەی مێردەكەی دەعوەت بكات، بەڵام عادل دەڵێت ژمارەیان زۆرە و شوێنمان نییە، بۆیە شیرین مەنجەڵێكی گەورەی دۆڵمە لێدەنێ‌ و دەیبات بۆ فەرمانگەكەی عادل، بەو شێوەیە جەمیلە دەبینێ‌. لە وەسفی جەمیلەدا دەڵێت: "پیرەژنێكی باڵا كورت بوو، تەمەنی شەست ساڵ دەبوو، قژی خەنە كردبوو". 

شیرین پلانی ئەوە بووە كە مێردەكەی بخاتە داوێكەوە بە تەواوی دەسەڵاتی بەسەردا هەبێ‌، بۆیە پێیدەڵێت "خۆت دەزانی من نەخۆشم، بۆ بە جەمیلە خان ناڵێی بێت ئەو فەرشانەمان بۆ بشوات. بۆ ئەوەی هەست بە هیچیش نەكات من ئەو رۆژە لە ماڵ نابم، دواتریش چەندی پارە ویست بیدەرێ".

عادل بە پێشنیازەكەی شیرین رازی دەبێ‌، بێ‌ ئاگا لەوەی ژنەكەی چ پیلانێكی بۆ داڕشتووە. شیرین و دوو كچەكەی كاژێر دووی پاشنیوەڕۆی رۆژی 11/4/2019  دەچنە دەرەوە، بەڵام بە عەلی كوڕی دەڵێت لە ماڵەوە خۆت بشارەوە و چاودێری باوكت بكە و بە مۆبایل ڤیدیۆی بگرە.

شیرین دەڵێت: "كاتێك ئەوان خەریكی شووشتنی فەرشەكان بوون، من بە نهێنی گەڕامەوە و چوومە ماڵی دراوسێیەكەمان چاوەڕێی تەلەفۆنی كوڕەكەم بووم. زۆری نەبرد كوڕەكەم تەلەفۆنی كرد و گوتی: فەرشەكانیان شووشت و نزیكەی پێنج خولەكە چوونەتە ژووری نووستن و دەنگیان دێت.

پێمگوت بەبێ‌ دەنگی كامێرای مۆبایلەكەت بكەوە و وێنەیان بگرە، منیش لەگەڵ دراوسێكەمان بە مۆبایلەوە رۆیشتم بۆ ژوورەكەیان، بینیمان هەردووكیان رووتن. وێنەمان گرتن و دراوسێكەشمان شایەت بوو، بۆیە هیچیان پێنەكرا. جەمیلە خێرا جلەكانی لەبەر كردەوە و هەڵات".

عادل دەكەوێتە پاڕانەوە، شیرینیش ئەمە بە دەرفەت دەزانێ‌، هەر لەوێ‌ بەڵێنی لێوەردەگرێ‌ كە خانووەكەی و تاكسییەكەی بەناو بكات، ئەویش رازی دەبێ‌. شیرین بەمە ناوەستێ‌، پێنج هەزار دۆلار و دوو تاك بازنی زێڕیش لە جەمیلە دەستێنێ‌.

شیرین تەنگ بە عادل هەڵدەچنێ‌ و پارەی زیاتری لێ‌ داوا دەكات، بۆیە عادل ناچار دەبێ‌ لە بنكەی پۆلیس سكاڵای لەسەر تۆمار بكات. عادل ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك بكات. جەمیلەش لەوێ‌ دانیشتبوو، دەموچاوی خۆی داپۆشیبوو بۆ ئەوەی كەس نەیناسێ‌.

جەمیلە، تەمەن 58 ساڵ، گوتی "تەمەنم 14 ساڵان بوو باوكم منی دایە پیاوێك كە 23 ساڵ لە خۆم گەورەتر بوو. 44 ساڵە بە یەكەوەین، جارێك نەیگوت خۆشمدەوێی. 15 ساڵیش دەبێ‌ لەگەڵم نەخەوتووە".

سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ عادل، جەمیلە گوتی: "بە زەبری پارە عادلم رازی كرد، لە ماوەی ئەو شەش مانگە زیاتر لە 20 هەزار دۆلارم داوەتێ‌".

عادل پەشیمان نەبوو لەوەی ئۆتۆمبێل و خانووەكەی بەناوی شیرین كردووە، تەنیا داواكاری ئەوە بوو پۆلیس بەڵێننامەی لێوەربگرن ڤیدیۆكان بسڕێتەوە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، سەبارەت بەو كەیسە بە (رووداو)ی گوت: "ئەو ژنە بەهۆی ڤیدیۆیەك پارەیەكی زۆری لەو ژن و پیاوە وەرگرتووە، مێردەكەشی رۆژی 7/5/2019 سكاڵای تۆمار كردووە، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەرین".