لیژنەیەک لە ژمارەیەک وەزیر پێکدەهێرێت بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەیەک لە ژمارەیەک وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی، هەرێمی کوردستان، عێراق و دەرەوە "بەچڕی کار لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکەن."
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29-5-2024) لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران لیژنەیەک لە ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهات، تایبەت بە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم."
 
ئەم لیژنەیە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "کارییان کۆبوونەوە دەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق بەگشتی و دەرەوە؛ بە چڕی کار لەسەر ئاسایکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن."
 
حکومەت دەڵێ، کاری لیژنەکە بۆ ئەوەیە "بەجۆرێک مامەڵ لەگەڵ دۆخی ئەم ناوچانە بکرێت، کە بەپێی دەستوور بێت نەک ئەوەی ئێستا لەو ناوچانە دەگوزەرێت."