راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: رووداو هێمایەکی روونە لە گەردوونی میدیایی نیشتمانی
رووداو دیجیتاڵ
بەبۆنەی یازدەیەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنییەوە، هەریەکە لە کۆنسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێمی کوردستان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و نووسینگەی کۆنسوڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر، پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 29-05-2024) 11 ساڵ بەسەر یەکەم پەخشی تۆڕی میدیایی رووداودا تێدەپەڕێت، فوئاد خازر مەجالی، کۆنسوڵی گشتیی شانشینی هاشمیی ئوردن لە هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''پێمخۆشە ئومێدی سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ تۆڕەکە و سەرجەم کارمەندانی بخوازم، لەگەڵ بەردەوامی لە رێڕەوەی پیشەگەرانە و سەرکەوتووانەی میدیایی.''
فوئاد خازر مەجالی گوتی، ''تۆڕەکە ئیستا بووەتە یەکێک لە دیارترین دەزگاکانی راگەیاندن لەسەر ئاستی کۆماری عێراقی دۆست و، هەرێمی کوردستانی دۆست و ناوچەکەش.''
هاوکات بەو بۆنەیەوە کۆنسوڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر، پەیامێکی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کرد کە تێیدا هاتووە، ''نووسینگەی کۆنسوڵگەریی ژاپۆن گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆڕی میدیایی رووداو و سەرجەم هەڵسوڕێنەرانی دەکات و ئومێدی سەرکەوتنی بەردەوام و گەشانەوە لە بەردەوامیدان بە رێڕەوی پیشەییان دەخوازین.''
هەروەها قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقیش لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، ''بەبۆنەی یادی 11 ساڵەی دەستپێکردنی تۆڕە پیشەگەرەکەتان، جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەین.''
قاسم ئەعرەجی گوتیشی، ''[رووداو] ئەو تۆڕەی هێشتا هێمایەکی روونە لە گەردوونی میدیایی نیشتمانی، ئومێدی پێشڤەچوون و سەرکەوتن بۆ بەڕێوەبەرانی تۆڕەکە و سەرجەم کارمەندانی دەخوازین.''
11 ساڵ بەر لە ئێستا، تۆڕی میدیایی رووداو چووە ژێرباری ئەرکێکی مەزن لە کاری میدیاییدا کە ئەویش دامەزراندنی میدیایەکی پرۆفێشناڵی بەکوالێتی بوو بۆ گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە بینەر، بیسەر و خوێنەری کورد لە سەرانسەری جیهان. یازدەیەمین ساڵیادیشی بە وەرگرتنی ژمارەیەک خەڵاتی جیهانی و نێوخۆیی نوێوە تێپەڕاند.