سەرنووسەری رۆژنامەی هاووڵاتی: رووداو میدیای كوردی لە لۆكاڵییەوە كردووە بە میدیایەكی جیهانی


رووداو دیجیتاڵ

سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتی پیرۆزبایی 11 ساڵەی دەستپێکردنی پەخشی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات و دەڵێت، رووداو میدیای كوردی لە لۆكاڵی و ناوچەییەوە كردووە بە میدیایەكی جیهانی.
 
‎تاریق فاتیح، ‎سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتی دەڵێت، "لەدوای راپەڕینەوە دوو رووداوی گرنگی مێژوویی رۆژنامەوانی لە باشووری كوردستان رووی داوە، ئەوانیش دەركردنی رۆژنامەی هاوڵاتی لە ساڵی 2000 دا و دووەمیش دامەزراندنی تۆڕی میدیای رووداو لە ساڵی 2013".
 
رۆژی چوارشەممە، 29-05-2024، یازدە ساڵ بەسەر یەکەم پەخشی تۆڕی میدیایی رووداو تێپەڕی.
 
سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتی ئاماژە بەوە دەکات، "هیچ گومان لەوەدا نییە كە رووداویش وەک رۆژنامەی هاوڵاتی، گۆڕانكاریی گرنگی لە دنیای رۆژنامەگەری و راگەیاندنی كوردییدا دروست كردووە و توانییەتی تاوەکو ئەندازەیەكی زۆر تێگەیشتن بۆ كاری راگەیاندن بگۆڕێت".
 
ئەو سەرنووسەرە باس لەوە دەکات، رووداو توانی میدیای کوردی لە لۆكاڵی و ناوچەییەوە كردووە بە میدیایەكی جیهانی، بەدەستهێنانی خەڵاتە نێودەڵەتیەكانیشی ئەو گەواهییە دەدەن.
 
هاوکات، دلێر شوانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی پارێزگای کەرکووک پیرۆزبایی لە رووداو کرد و رایگەیاند، "هيوادارم هەميشه پێشەنگ بن بۆ داهێنان و له لووتكدا بمێننەوه. هەر سەركەوتووبن".