پێنج هەزار سەر مەڕ و بزن لە رۆژئاوای كوردستانەوە هاوردە كران

رووداو - سێمالکا

زیاتر لە پێنج هەزار سەر مەڕ و بزن لە رۆژئاوای كوردستانەوە بەشێوەیەكی فەرمی هاوردەی باشووری كوردستان كران، بازرگانانیش ئاماژە بەوە دەكەن، كاریگەریی لەسەر نرخی گۆشتی سوور دەبێت.

رۆژی چوارشەممە 29-6-2016 زیاتر لە پێنج هەزار سەر مەڕ و بزن لە رۆژئاوای كوردستان و لەڕێگەی دەروازەی سێمالکاوە دەربازی باشووری کورستان کران. بەرپرسانی دەروازەکە بۆ هەر سەر مەڕێک بڕی شەش دۆلاریان وەکو باج لە خاوەن مەڕەکان وەرگرتووە.

شەوکەت بەربوهاری، بەرپرسی دەروازەی سنووری پیشابوور بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی دەروازەی سێمالکادا رێککەوتبوون کە بەبێ باج کەلوپەلەکان لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕ بکرێت، بەڵام بەپێچەوانەی ئەو رێککەوتەنە باجیان لە خاوەن مەڕەکان وەرگرتووە.

بەربوهاری دەشڵێت، وەرگرتنی ئەو باجە لەسەر حیسابی  خەڵکی هەژاری رۆژئاوای کوردستانە.

بەڕێوەبەری دەروازەی پێشخابوور دەشڵێت "ئەوان گومرگ وەرناگرن و پێویست بوو پەیەدەش لە رۆژئاوای كوردستان گومرگی وەرنەگرتایە. چونكە خاوەنی مەڕ و ماڵاتەكان روو بەڕووی زیانی گەورە بوونەتەوە".

نەك تەنیا خاوەنی مەڕ و ماڵاتەكانی رۆژئاوای كوردستان، بەڵكو بازرگانانی باشووری كوردستانیش دڵخۆشی خۆیان بەهاتنی مەڕ و ماڵات نیشاندا.

چاوەڕوان دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی مەڕ و ماڵات و گۆشتی سوور بەهۆی نزیكبوونەوەی جەژن گران ببێت، بەڵام بازرگانان ئاماژە بەوەدەكەن، بەهۆی هێنانی ئەو پێنج هەزار سەر مەڕ و بزنە گۆشتی سوور لە باشووری كوردستان بەرز نابێتەوە، ئەگەر زیاتر دانەبەزێت.