هەواڵدەر و باخەوانەکەی باسی ژیانی رۆژانەی نەوشیروان مستەفا دەکەن
رووداو - سلێمانی
بۆ چلەی نەوشیروان مستەفا هاونیشتمانیان لە سلێمانی گوڵیان لە سەر ئارامگەکەی دانا و مۆمیان داگیرساند، هەڵمەتی نەمام چاندن بەڕێوەچوو و سەدان نەمام روێنران.
لەپشت ژیانە جەنجاڵەكەی سیاسەتەوە، دەستبەرداری ئەو ژیانەش نەبوو كە خولیای خۆی بوو، نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمپانایای وشەوە زۆربەی دیمەنی گردی زەرگەتەی بەخواستی خۆی گۆڕی، لەگردێكی هەندێك شوێن رووتەڵەوە، گۆڕی بۆ شوێنێك كە بەردەوام كەشوهەوایەكی فێنكی هەیە.
مام هادی ، باخەوانەی نەوشیروان مستەفا بووە و دەڵێت "كاك نەوشیروان زیاتر حەزی لە دار و درەختی بەریی بوو، گوڵباخی زۆر خۆشەدەویست ، من 22 ساڵە باخەوانی ئەوم، بەڵام بەقەد ئەو شارەزای دار و درەخت نەبووم".
نەوشیروان مستەفا، جگە لە سیاسەت، كاتێكی زۆری بۆ خوێندنەوەی بڵاوكراوە رۆژنامەوانیی و مێژووییەكان تەرخان كردبوو، بەتایبەت هەموو بەیانییانێكی زوو، كتێب و رۆژنامەكانی دەخوێندەوە.
دارای كتێبفرۆش ، هەواڵدەری نەوشیروان مستەفا دەڵێت "هەموو بەیانییەك من كتێب و رۆژنامەكانم دەبرد بۆ كاك نەوشیروان، ئەو جگەلەوەی كە لە رۆژنامەكاندا هەبوو، دەیسویت ژیانی خەڵكیش بزانێت و بەردەوام لەمنی دەپرسی دەنگوباسی ناوبازاڕ چییە ؟"
لەنێو گردی زەرگەتەدا، دوو ژووری تایبەت بە بەخێوكردنی باڵندەی ماڵی و كێوی هەیە، بەڵام نەوشیروان مستەفا زیاتر كۆتر و مریشكی خۆشدەویست، چەند مەترێك لەودیو ماڵەكەی خۆیەوە، خانوویەك هەیە كە تایبەتە بە بەخێوكردنی كۆتر.
هەڵسوڕاوانی گۆڕان، بۆ پاراستنی ئەو كەلوپەل و كەرەستانەی كە رێکخەری گشتییان لە ژیانیدا بەكاریدەهێنان، لەگەڵ ئەرشیفكردنی زۆرینەی دیدار و وێنە و تۆماركراوەكانی، دوو گرووپیان درووستكردووە، وەك خۆیان دەڵێن بەو نیازەن ژیانی نەوشیروان مستەفا بكەن بە كولتوور.
شەماڵ عەبدولوەفا، سەرۆكی لیژنەی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا ئاماژەی بەوەدا کە "هەموو نووسین و گوتار و چاوپێككەوتن و دیدار و كۆبوونەوەكانییمان كۆكردووەتەوە دەیپارێزین".
لەدوای كۆچی دوایی، ئارامگەی نەوشیروان مستەفا، بەردەوام قەرەباڵخە، پۆل پۆل ئەوانە دێنە دیدەنی كە هەوادار و لایەنگری بزووتنەوەكەی بوون، زۆرجار لەدەوری گۆڕەكەی كۆڕی شین و هەندێك جاریش شیعر و شانامە خوێندنەوە دەنگی دێت.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن