دەنگدانەوە
خێراکە!.. لەگەڵ تۆمە کوڕی کەر بۆ وەستاوی؟ تەقە بکە!
چیاکان بە زوقمی بەرەبەیانی سەرماوەز بەستوویانە. دەنگی فەرمانەکەی فەرماندە لە تاشە بەردەکانی ئەوبەرەوە دەگەڕێتەوە. راست بەر لوولەی تفەنگەکەی ئومێد دەکەوێت. تفەنگەکەی لەدەستیدا دەکەوێتە لەرزین و پەنجەی پەلاپیتکەکەی بۆ ناگیرێ.
-تفەنگەکەم نا.. ئەوە دڵم بوو دەلەرزی. لەرزینەکەی بە شادەمارەکاندا گواستەوە بۆ باسکم، باسکم بۆ پەنجەم و پەنجەم لە پەلاپیتکەکەوە بۆ لوولەی تفەنگەکەم.
فەرماندە کە لەرزینی تفەنگەکەی بینی تووڕە بوو، توندتر هاواری کرد
- تەقە بکە!
چیاکان هەموویان وتیان: تەقە بکە.. تەقەقەقەقە بکەکەکەکەکە...
یەکەم تیشکی هەتاوی بەرەبەیان، پێش ئێمە لەوبەرەوەی دابوو. لەوبەرەوە کەسێک بە کۆڵەکەیەوە کەوت. نە دەنگدانەوەی دەنگی "کوڕی کەر"ی فەرماندە لە چیاکانەوە، نە لەرزینی پەنجەی من لەسەر پەلاپیتکە و نە دەنگی تەقەکە، هیچیان بە باوکم نەگەیشت. باوکم بە چیایەکی دوورتردا سەردەکەوت. رەنگە ئەو چیایەش لەرزیبوو بۆیە باوکم کەوت، ئاخر هەموو سنوورەکان ساردن.
باوکم کۆڵەکەی زۆر قورس بوو. تەنیا دوو مانگم مابوو. گوتی کە هاتیتەوە بارەکەم سووک دەکەی.
چەند کەسێک لەوبەرەوە لە بوومەلێڵی بەیانیدا وەک تارمایی لە پشت دەوەنەکانەوە کەوتنە هاتوچۆ و هاواریان دەکرد: ''کەمالیان کوشت!''
چیاکان تێکڕا هاواریان کرد: ''کەمالیان کوشت.. کەمالیان کوشت.."
لە دڵی خۆمەوە گوتم: بڵێی کەمال سەربازیی کردبێ؟
باوکم گوتی: رەنگە ئەو بارە هی باوکی بووبێ هەڵیگرتبێ
دەنگی باوکم ناگا بە چیاکان، بەر پەردەکانی مێشکم دەکەوێ و دەنگ دەداتەوە،
هەموو دەمارەکانی مێشکم دەخاتە لەرزە، لەرزینەکە ئەمجارە لە مێشکمەوە دەگات بە لوولەی تفەنگەکەم، تفەنگەکەم بۆ راگیر ناکرێت.
باوکم لە چیا دوورەکەدا کۆڵەکەی خستوویەتی بە شاندا.. کەمال لەوبەرەوە کەوتووە بە شاندا، خوێن لە شانیەوە بەسەر کۆڵەکەیدا فیچقە دەکا. فەرماندە و چیاکان کۆڵ نادەن: تەقە بکە.. تەقققە بککککە..
دیسان تەقە دەکەم. دیسان...
***
لەسەر کورسییەکەی هەڵدەلەرزێ، بێئەوەی تەزووی کارەبای لێدرابێ.
پەڵەی سووری سەر برینپێچەکەی ملی، ناچاری کردووە ملی بە پشتا بخات.
لێپرسەکە راست چاوی بڕیوەتە چاوی و لەگەڵ زۆربەی پیتەکانی، خاڵێکی تف لە ناوچاوانی دەهاوێژێ.
-فەرماندەت بۆ کوشت سەگباب؟
بە دەم لەرزەوە دەکەوێتە وڕێنەکردن:
-دەنگەکان دەنگیان دەدایەوە.. باوکم سەرمای بوو.. دەمارەکانم دەلەرزین.. تفەنگەکەم بۆ رانەدەگیرا..
-خۆت لە شێتی مەدە سەگباب.. من لەوسەریەوە دێمەوە.. ئا.. ئا.. سیناریۆیەکی جوانە.. سەرەتا فەرماندە بکوژی و پاشان خۆت، کە ببیت بە قارەمان؟ قارەمانی کام حیزب؟ قسە بکە دەی؟
باوکی لەژێر قورسایی کۆڵەکەیەوە سەر بەرز دەکاتەوە.. بەو خەیاڵە خۆی لە ساردی و سامناکیی ژووری لێپرسینەوە رزگار دەکات و وەک سەربازێکی بێباک شان و ملی قیت دەکاتەوە:
-کە مناڵ بووم باوکم دەیگوت تۆ قارەمانی خۆمی.. دوای تەواوکردنی ماوەی سەربازی، منیش دەبووم بە کەمال، کۆڵەکەی باوکمم هەڵدەگرت.. نازانم کێ دەبوو بە سەرباز تەقە لە من بکات؟ بەڵام سارد بوو.. لەو سنوورەدا هەموو شتێک دەیبەستێ خوێن نەبێ. دەستم بە پەلاپیتکەکەوە بەستبووی. شادەمارەکەم بۆ نەدۆزرایەوە.