سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک: بوونی مەمکی دەستکرد زۆر پێویستە

 
رووداو - هەولێر

ئاوات جەمال تەمەنی 45 ساڵە، ماوەی 10 ساڵە دەرمان بەکاردەهێنێت، بەڵام هیچ کات لە ژیان بێ هیوا نەبووە، ساڵی 2011 بەهۆی شێرپەنجەی مەمک، مەمکی راستیان بڕییەوە، زۆربوونی تێچووی نەشتەرگەری وایکردووە مەمکی دەستکرد بەکاربهێنێت.
 
ئاوات جەمال دەڵێت، نە مەمکە دەستکردەکەی دەستکەوتووە و نە ستیانەکە "لەگەڵ هاوژینەکەم لەناو بازاڕ گەڕاین بە کڕینیش دەستمان نەکەوت، هەشبێت گرانە و بە خەڵکی هەژار ناکڕدرێت، بەڵام من لەلایەن سەنتەری پەناوە بۆم دابینکرا".
 
سەنتەری پەنا لە ساڵی 2011وە چالاکییەکانی بۆ یارمەتیی تووشبووانی شێرپەنجەی مەمک دەستپێکردووە و پێنج هەزار مەمکی دەستکردیان بە خۆڕایی بەسەر ئەو ژنانەی مەمکی خۆیان بڕیوە دابەشکردووە، بەڵام ئێستا بۆ هاوردەکردنی مەمکی دەستکرد تووشی کێشە و گرفت بوون.
 
گوڵاڵە پشدەری، دامەزرێنەری سەنتەری پەنا دەڵێت "سلیکۆن جۆری جیاوازی هەیە، مەمک هەیە دەخرێتە ناو جەستەی خۆت، بەس ئەوانەی ئێمە مەمکی سلیکۆنە، واتە دەخرێتە ناو مەمکدان کە ئێمە تەنانەت مەمکدانەکانیشمان هێنابووەوە بۆ کوردستان، بەڵام ئێستا لە کوردستان کێشە و گرفتمان بۆ دروستبووە و هاوکاری ناکرێین و هەندێک رێکاری یاسایی گیراوەتەبەر کە بۆ ئێمە قورسە لە کارکردن بەردەوام بین".
 
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی حوزەیران 1516 نەخۆشی نوێ سەردانی سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمکیان کردووە و مەمکی 20 تووشبووی شێرپەنجە هەڵگیراوە.
 
د. سۆزان هۆشیار، بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک دەڵێت "بوونی ئەو مەمکە دەستکردانە زۆر پێویستە، هەم لە بواری بەرزکردنەوەی میناعەی کەسەکان و هەم زۆر کەس توانای نەشتەرگەریی نییە".
 
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆربەی سەرنجەکان خراوەتە سەر تووشبووان بەم پەتایە، رێکارەکانیش بۆ هێنانی هەر جۆرە دەرمان و کەرەستەیەکی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان تووندتر کراون.
 
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی رایگەیاند "هەر پێداویستییەک ئەگەر بڵێین خۆبەخشانەشە، بواری سەلامەتی و جۆریەکەی بۆ ئێمە گرنگە، دەبێ ئەوراقی هەبێت بۆیە هەر کەسێک کێشەیەکی هەیە، دەتوانێت سەردانی ئێمە بکات و کێشەکە چارەسەر دەکەین".
 
شێرپەنجەی مەمک ئێستا بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە، مامۆگرافی یەکێکە لە پشکنینە هەرە گرنگەکان بۆ دەستنیشانکردنی گرێ شێرپەنجەییەکانی مەمک و رێگری لە تووشبوون و تەشەنەسەندنی دەکات.