کپکردنی زمانی کوردی لە تورکیا؛ کێ خەتابارە؟


رووداو دیجیتاڵ 

کورد نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنێت، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان دەتوانن بە زمانی کوردی قسەبکەن. بەگوێرەی دەستوور، تورکی تەنیا زمانی دانپێدانراوە و لە پرۆسەی خوێندن و دامەزراوەکاندا بەکاردەهێندرێت. لە بەرامبەردا بەکارهێنانی زمانی کوردی چەندینجار بەگوێرەی یاسا وەک تاوان ناسێندراوە و تەنیا بۆ مەبەستی بەهێزبوونی پێگەی سیاسی هەندێک پارتی دەسەڵاتداریش جاروبار سنووردارکردنی کەمکراوەتەوە. 
 
راوەست سەنتەرێکی توێژینەوەی کوردییە لە ئامەد و راپرسییەکی لە ئەیلوولی ساڵی 2019دا لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان ئەنجامداوە، ئەوەش بە مەبەستی دەرخستنی ئەو راستیەی کە چەند کەس لە کوردانی تەمەن 18 تاوەکو 30 ساڵ دەتوانن بەشێوەیەکی پاراو کوردی بەکاربهێنن. لەو راپرسییەدا بۆچوونی 600 کورد وەرگیرابوو و تەنیا 18%یان رایانگەیاندوو کە دەتوانن بە کوردی قسەبکەن، بخوێننەوە و بنووسن. هەر بە گوێرەی راپرسییەکە، تەنیا 44%یان ئاماژەیان بەوەکردبوو کە دەتوانن بە زمانی دایکی خۆیان قسەبکەن. کاتێک ئەو پرسیارەیان لێکرابوو کە دەبێت چ زمانێک لە تورکیادا زمانی فەرمی بێت؟ %71.5 یان رایانگەیاندبوو کە دەبێت تورکی و کوردی هەردووکیان زمانی فەرمی بن. 
 
رەتکردنەوە 
 
زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستا و لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا کوردەکان ئازادییەکی سنووردارییان لە بەکارهێنانی زمانی خۆیاندا هەبوو. ئەو کاتە ژمارەیەک رۆژنامە بە زمانی کوردی بڵاودەکرانەوە و لە نەخشەکاندا وشەی کوردستان هەبوو. کاتێک ئیمپراتۆرییەتەکە لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییدا لە لێواری رووخان نزیکبووەوە، مستەفا کەمال ئەتاتورک بە پاڵپشتیی کوردەکان راپەڕی. 
 
ئەتاتورک لە گوتەیەکدا لە ساڵی 1919 لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان گوتی، "بوونی ئێمە ئەوەمان لێدەخوازێت کە کوردەکان، تورکەکان و هەموو موسوڵمانەکان پێکەوە کاربکەن بۆ بەرگرییکردن لە سەربەخۆییمان و رێگەگرتن لە دابەشبوونی نیشتمانەکەمان". بەڵام کاتێک ئەتاتورک لە ساڵی 1923دا کۆماری تورکیای دامەزراند، بوونی کورد و زمانەکەیانی رەتکردەوە و لەبری ئەوە گوتی، کوردەکان "تورکی شاخاویین". لە سەردەمی ئەتاتورکدا کوردەکان زیندانیکران و تەنانەت کۆمەڵکوژیش کران. 
 
ماوەیەکی کەم دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، کوردەکان دژی دەوڵەتە سەرکوتکارەکە شۆڕشیان دەستپێکرد. لە شوباتی 1925دا شێخ سەعیدی پیران لە پارێزگاکانی ئامەد و خارپێت سەرکردایەتیی شۆڕشێکی کرد دژی حکومەتەکەی ئەتاتورک. 
 
ئەتاتورک دەیان هەزار سەربازی گواستەوە بۆ هەردوو پارێزگاکە و دوای دوو مانگ لە دەستپێکردنی، کۆتایی بە شۆڕشەکە هێنا، ئەوەش دوای ئەوەی شێخ سەعید و هاوڕێکانی دەستگیرکران و لەسێدارەدران. 
 
ئەوە دوایین شۆڕشی کورد نەبوو. نزیکەی دەیەیەک دوای ئەوە، سەیید رەزا دژی دەوڵەتی تورک راپەڕی، بەڵام شۆڕشەکە کپکرایەوە و نزیکەی 45 هەزار کوردیش کوژران. داواکاریی بۆ داننان بە زمانی کوردی و خوێندن بەو زمانە لە دوو داواکارییە سەرەکییەکانی پشت ئەنجامدانی هەردوو شۆڕشەوە بوون. 
 
ئاوارەبوون و تێکەڵاوکردن 
 
ئەتاتورک و ئەوانەی لەدوای هاتن راپەڕینەکانی کوردیان وەک هەڕەشەیەکی جیددی دەبینی و هەربۆیە دەستیان کرد بە گوشارخستنەسەر و داخستنی ئەو دامەزراوە کوردییە کەمانەی کە هەبوون. ئەوان کاریان کرد بۆئەوەی کورد لەناو تورکدا بتوێننەوە، ئەوەش لەرێگەی گەیاندنی خوێندنەوە بە زمانی تورکیا بۆ ناوچە کوردییە دوورەدەستەکان. 
 
ئەنجوومەنی نیشتمانیی تورکیا – پەرلەمان لە ساڵی 1934 "یاسای جێگۆڕکێپێکردن"ی دەرکرد و ئەوەش شەرعیەتی دایە راگوێزانی زۆرەملێی کورد و پێکهاتەکانی دیکە بۆ ناوچە تورکنشینەکان، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ تواندنەوەیان. شوکرو کایا، وەزیری ناوخۆی ئەو کاتەی تورکیا رایگەیاند، یاساکە "وڵاتێک دروستدەکات کە تێیدا تەنیا یەک زمان قسەی پێبکرێت و تێیدا هەموو کەس هاوشێوەی یەک بیربکەنەوە و هەمان هەستیشیان هەبێت". 
 
عیسمەت ئینۆنو، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی وڵات لە راپۆرتێکی ساڵی 1935دا رایگەیاند، لە رێگەی راگوێزانی زۆرەملێی کوردەکانەوە و بە ئامانجی کەمکردنەوەی ژمارەیان لە پارێزگاکانی باکووری رۆژهەڵاتی وڵات- باکووری کوردستان پاڵپشتی لەو هەڵمەتی تواندنەوە یان تێکەڵکردنە کردووە. ئینۆنو گوتی، ئامانج لەو کارە ئەوەبوو "کوردەکان بە ناسنامەی تورک ئاشنابن و ببنە دڵسۆزی دەوڵەت". لەو هەڵمەتەدا سەرنجی سەرەکی لەسەر خەڵکی هەژاربوو لە ناوچە گوندنشینەکان. 
 
لە ساڵی 1961دا حکومەتی تورکیا هەندێک قوتابخانەی دروستکردن کە سیستەمیان بەو جۆرە بوو بەشی ناوخۆیشیان هەبوو و قوتابیان هەر لەوێ دەمانەوە. حکومەتی تورکیا لەو رێگەیەوە توانی منداڵانی کورد لە ماڵەکانیان دووربخاتەوە و پڕۆسەیەکی خوێندنی تەواو تورکیان بۆ بخوڵقێنێت، بەڵام لەهەندێک حاڵەتدا قوتابخانەکان شەپۆلێکی پێچەوانەیان دروستکرد، چونکە منداڵە خوێندەوارەکان دەستیان بە سەرچاوەی دیکەی خوێندن لە دەرەوەی پرۆگرامی قوتابخانەکانەوە گەیشت، لەوانەش بابەت لەبارەی سۆسیالیزم و سیاسەت و ئەوەش بەشێوەیەکی بێ مەبەست یارمەتی قوتابییەکانی دا بۆئەوەی ناسنامەیەکی کوردی بۆ خۆیان دروستبکەن. 
 
یەکێک لەو کوردانە کە ئامادەی ئەو جۆرە قوتابیانە بوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو. ئەو کاتێک کە چووە قوتابخانەکەوە خاوەنی هەستێکی بەهێزی ناسنامەی کوردی نەبوو، بەڵام کە قوتابخانەی جێهێشت زۆر جیاواز بوو، ئۆجەلان بەردەوامبوو تاوەکو لە ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەی دامەزراند، کە پارتێکە داوای مافی گەلی کورد دەکات. 
 
پەکەکە و زمانی کوردی 
 
دەستووری ئێستای تورکیا کە دوای کودەتای سەربازیی ساڵی 1980 پەسندکرا، ئاماژە بەوە دەکات، تورکی تەنیا زمانی فەرمیی تورکیایە. ئەو دەستوورە بەتەواوی زمانی کوردی قەدەخە ناکات، بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا بەکارهێنانیان سنووردار و زەحمەت کردووە. 
 
کاری چەکداریی پەکەکە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی 1984 هۆشدارییەک بوو کە دەکرێت جارێکی دیکە کورد دەست بە راپەڕین و شۆڕش بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت لەرێگەی سیاسەتی تیكەڵکردن و تواندنەوەی کورد لەناو کۆمەڵگەی زۆرە تورکدا شکستی هێناوە. ساڵانی سەرەتای کاری پەکەکە زۆر شەڕی تێدابوو، بەڵام جەختی لەوەشکردەوە کە دەبێت کورد بتوانێت بێ ترس لە چەوساندنەوە بە زمانی دایکیی خۆی قسەبکات. 
 
کتێبەکانی ئۆجەلان بە تورکی نووسراون و زمانی تورکیش لەنێوان فەرماندەکانی پەکەکەدا بۆ مەبەستی پەیوەندیکردن بەکاردەهات. گەریلایەکی پێشووی پەکەکە بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە پارتەکەوە دەکرد بە زمانی تورکی راهێنانیان پێدەکرا، چونکە ئەو کات هەموو شتەکان بە تورکی بوون، بەڵام لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو و دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا راهێنان بە زمانی کوردیش زیادکرا و بژاردەی راهێنانکردن بە زمانی تورکی یان کوردی درایە گەریلاکان. 
 
پەکەکە لە ساڵی 2007دا کۆما جڤاکێن کوردستانێ- کەجەکەی دامەزراند، بەڵام زوو بووە ئامانجی حکومەت. داواکاری گشتیی تورکیا هەڵمەتێکی بەناوی کەیسی کەجەکە دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەشدا ئەو کەسانەیان دەستگیردەکرد کە باوەڕ وابوایە پەیوەندی بە کەجەکەوە هەیە. ئێستاش کەیسەکە چالاکە و تەنانەت لە حوزەیرانی ئەمساڵیشدا پەرلەمانی تورکیا مافی پەرلەمانتاری لە دوو پەرلەمانتاری کورد سەندەوە.
 
ئاشتییەکی کورتخایەن
 
رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان لە ساڵی 2002 دەسەڵاتی تورکیای گرتە دەست و دەستیکرد بەکرانەوە بە رووی زمان و کولتووری کوردیدا -- کرانەوەیەک کە حکومەتەکانی پێشوو وەک بڤە تەماشیان دەکرد. ئامانجی ئاکپارتی بریتیبوو لە بەدەستهێنانی دەنگی ملیۆنان کورد لە باکووری کوردستان و لەو رووەشەوە سەرکەوتوو بوو. توانی ببێتە رکابەری سەرەکی ئەو پارتە کوردییانەی کە دواتر داخران و هەدەپە شوێنی گرتنەوە. 
 
بە نێوەندگیریی هەدەپە، هەریەک لە ئەنقەرە و پەکەکە لە ساڵی 2013 ئاگربەستیان راگەیاند، ئاگربەستەکە چەندین دەستکەوتی دەگمەنی بۆ کورد هەبوو لەڕووی سیاسی و کولتووییەوە، بە تایبەتی دەرفەتێکی باشی بۆ پێشخستنی زمانی کوردی رەخساند. حکومەتەکەی ئاکپارتی رێگەی بە کوردەکان دا کە دەزگای کوردی و میدیای کوردی و باخچەی ساوایانی کوردی بکەنەوە. بۆ یەکەم جار لە مێژووی تورکیادا، رێگە بە کوردەکان درا کە بە زمانی خۆیان بەرگری لە خۆیان بکەن لە دادگاکاندا هەرچەندە زمانەکە هەر بە "زمانێکی نەناسراو" دادەنرا. 
 
لە بەرامبەر ئەو کراوەنەیەدا، تورکیا دەیویست پەکەکە لە باکوور بەرەو باشووری کوردستان پاشەکشە بکەن. پەکەکە چەند چەکدارێکی خۆی کشانەوە، بەڵام پاش دوو ساڵ و نیو پرۆسەی ئاشتی کۆتایی هات و دووبارە هەردوولا دەستیان بە شەڕ کردەوە. هەردووکیان یەکدیان تۆمەتبار دەکرد بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە: تورکیا دەیگوت پەکەکە پابەندنەبوو بە کشانەوەی هێزەکانی بۆ باشوور و پەکەکەش دەیگوت ئەنقەرە جیددی نەبوو لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بەڵکو دەیویست ئەو کرانەوەی بەرامبەر کورد کردی بۆ مەبەستی تر بەکاربێنێت. 
 
دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی ئاشتی، هەندێک چەکداری نێزیک لە پەکەکە هەڵسان بە لێدانی چەند قەندەقێک لە باکووری کوردستان و خۆبەڕێوەبەرییەکیان راگەیاند. شەڕەکە بە "شەڕی خەندەق" ناسراوە. ئەمەش حکومەتی تووڕە کرد و هەڵسا بە ئەنجامدانی چەندین هێرشی بەرفراوان بۆ دووبارە گرتنەوەی ئەو ناوچانەی کە کەوتبوونە دەست چەکدارە کوردەکان. ئەنقەرە گشت ناوچەکانی کۆنترۆڵکردەوە و لە کرانەوە بەڕووی زمان و کولتووری کوردیدا پاشەکەشەی کرد. 
 
حکومەت هەروەها هەڵسا بە داخستنی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی کورد. ئەم دژایەتییە زیاتر بوو لە دوای کودەتا شکستخواردووەکەی هاوینی 2016. هەرچەندە تورکیا فەتحوڵڵا گولەنی رێبەری بزووتنەوەی خزمەتی تۆمەتبارکرد، بەڵام شەپۆلی تۆڵەسەندنەوەکەی حکومەت کوردەکانیشی گرتەوە. سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە چەند باخچەیەکی ساوای حکومییان دامەزراندبوو بۆ گوتنەوەی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد، بەڵام لە ساڵی 2017 حکومەت هەڵسا بە داخستنیان. 
 
یەکدی تۆمەتبارکردن
 
هەدەپە زۆرترین دەنگی کوردی هەیە، بەڵام خۆی بە پارتێکی کوردی نازانێت و وەک پارتێکی پاڵپشتیکار لە کورد و پارتێکی چەپڕەو مامەڵە دەکات. هەدەپە پێی وایە کە ئاکپارتی هۆکاری سەرەکیی پشتگوێخستنی زمانی کوردییە لەو وڵاتە. 
 
لە 12 ی ئایاری ئەمساڵ سێ ئەندام پەرلەمانی هەدەپە داواکارییەکیان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیاکرد بۆ ئەوەی رۆژێک بۆ زمانی کوردی دیاری بکەن کە تیایدا ساڵانە یادی ئەو زمانە بکرێتەوە، بەڵام وەزارەتەکە داواکارییەکەی رەتکردەوە بە بیانووی ئەوەی کە ئەمە دژی دەستووری هەمیشەیی تورکیایە کە تەنیا دان بە زمانی تورکی دەنێت وەک زمانی فەرمی ئەو وڵاتە. 
 
یەکێک لەو ئەندام پەرلەمانانە دەرسیم داغ بوو، بە رووداوی راگەیاند، مەرج نییە ئەوان ئەو شتانە بکەن کە دەستوور داوای دەکات و دەڵێت: "ئەگەر بە قسەی دەستوور بکەین ئەوا نابێت داوای هیچ شتێک بکەین کە پەیوەندی بە کورد و کولتووری کوردەوە هەبێت".
 
داغ هەروەها گوتی: "زمانی کوردی لەژێر فشار و چەوساندنەوەیەکی زۆردایە … بۆیە دەبێت هەموو کورد زمانەکە بپارێزن. لەم رووەوە پارت و دامەزراوە کوردییەکان، بە هەدەپەشەوە، کەمتەرخەم بوونە".
 
ئەو پەرلەمانتارە گەنجە کوردە هەروەها گوتی، پارتەکەی هەنگاوی باشی ناوە بۆ خزمەتکردن بە زمانی کوردی وەک کردنەوەی خولی زمانی کوردی و ژمارەیەک باخچەی ساوای کوردی بە ناوی زارۆکستان و بەشداری کردووە لەو دامەزراوانەی کە زمانی کوردی پێش دەخەن. 
 
کاتێک هەندێک لە سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە دەسەڵاتیان گرتەدەست هەڵسان بە هەڵواسینی تابلۆی کوردی لەسەر شارەوانییەکانیان، بەڵام کاتێک حکومەت ئەو بەرپرسانەی لەسەرکار لاد، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە و لەجێی ئەوان قەیومی دانا، قەیومەکان هەڵسان بە لێکردنەوەی تابلۆ کوردییەکان. تەنانەت یەکێک لە قەیومەکان هەڵسا بە رووخاندنی پەرتووکخانەی جەلالەدین عەلی بەگ لە سێرت. 
 
رزگین بیرلیک پەرلەمانتارێکی کوردە لە شاری شرناخ لەسەر لیستی ئاکپارتی. لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، گوتی کە حکومەت ئاسانکاریی باشی کردووە تاوەکو کوردەکان بە زمانی خۆیان قسە بکەن، بەڵام خۆیان نایانەوێت. 
 
بیرلیک ئەوەشی گوت، لە تورکیا دیموکراسی هەیە و "لەوەتەی ئاکپارتی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست قەدەخەی سەر زمانی کوردی و ناوی کوردی نەماوە. ئێستا کوردەکان دەتوانن لە گشت شوێنێک بە ئازادانە بە زمانی خۆیان قسە بکەن". 
 
پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی هەروەها پێی وایە کە کوردەکان بە پەرۆش نیین بۆ خوێندی کوردی سەرەڕای ئەوەی حکومەت هەلی بۆ رەخساندوون. ئەو گلەیی ئەوەی لە هەدەپە کرد کە زۆر بە دەگمەن راگەیێندراو بە زمانی کوردی بڵاودەکەنەوە و بەرپرسەکانیشیان هەر بە تورکی قسە دەکەن، بیرلیک خۆی بە زمانی کوردی قسەی لەگەڵ رووداو کرد. 
 
قسەکانی پەرلەمانتارە کوردەکەی ئاکپارتی لە کاتێکدایە کە خودی بەرپرسانی تورکیا گلەیی ئەوەیان لە حکومەت کردووە کە تاوەکو ئێستا دان بە زمانی کوردی نەنراوە لە دادگاکان و وەک "زمانێکی نەناسراو" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. 
 
عەبدولحەمید گولی، وەزیری دادی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵ لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێنی تورکی رایگەیاند: "هەندێک کات مامەڵەی وا روودەدەن (لە تورکیا) کە دەبنە هۆی دوورەپەرێزی و جێی رەزامەندیی ئێمە نیین. (بۆ نموونە) دایکێکی دیاربەکری (ئامەدی) بە کوردی قسە بکات لە دادگە دەنووسرێت کە ئەو بە 'زمانێکی نەناسراو' قسەی کردووە. چۆن دەتوانی بە زمانێک بڵێی نەناسراو کە هەزاران ساڵە قسەی پێ دەکرێت؟"
 
دوای ئەم قسانە، ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رەخنەی ئەوەیان لە گول گرت کە بۆچی نەیتوانیوە دەسەڵاتی خۆی بەکاربێنێت بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی ئەو باسی دەکات. 
 
پلاتفۆرمی زمانی کوردی 
 
لە مانگی یازدەی ساڵی 2018  هەدەپە و هەشت پارتیی تری کوردی لە باکور پلاتفۆرمی زمانی کوردییان دامەزران. مەبەست لە دامەزراندنی بریتی بوو لە پێشخستنی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە تورکیا و باکور. پلاتفۆرمەکە لە دۆخێکی دژواردایە، چونکە ئەویش وەک سەنتەرەکانی دیکەی زمانی کوردی پشتگیری دارایی ناکرێت لەلایەن حکومەت و پارتە کوردییەکانەوە. هەروەها چەندین دەزگەی هاوشێوە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە داخراون بۆیە دوور نییە ئەویش رۆژێک دابخرێت. 
 
شەرەفخان جزیری، گوتەبێژی پلاتفۆرمەکەیە، بە رووداوی راگەیاند، هەریەک لە حکومەتی تورکیا و پارتە کوردییەکان و دایک و باوکی منداڵانی کورد رۆڵیان هەبووە لە پاشکەکەشەی زمانی کوردی لەو وڵاتە. "کەمتەرخەمی بەرامبەر زمانی کوردی پەیوەندی بە چەند کێشەیەکەوە هەیە … حکومەتی تورکیا لە مەسەلەی زمانی کوردی دا جیددی نییە و کات بە فیڕۆ دەدات و بەربەستی بۆ دروست دەکات".
 
گوتەبێژەکە پێی وایە کە لەبەرئەوەی کوردەکان زیاتر لە زمانی خۆیان بایەخیان بە زمانی تورکی داوە لە چەند دەیەی رابردوودا، رووکردنە زمانی کوردی ئەوەندە ئاسان نییە. 
 
جزیری هەروەها گوتی: "پارتە کوردییەکان، بە هەدەپەشەوە، هەڵەیەکی گەورە دەکەن (چونکە بایەخ بە زمانی کوردی نادەن). ئەم هەڵەیەش بە زۆری لە ناو هەدەپە بەدی دەکرێت، چونکە لە گشت پارتەکانی دیکە جەماوەری زۆرترە. نابێت هیچ دامەزراوەیەکی کوردی ئەم کارە بکات… چەندین پەرلەمانتار و سەرۆک شاروانی و بەرپرسە حیزبییەکانی کورد هەن کە کاری لەپێشینەیان گرنگیدان نییە بە زمانی کوردی لەکاتی قسەکردندا. مەبەست لە دامەزراندی پلاتفۆرمەکەی ئێمە ئەوەبوو کە ئەم دیاردەیە بنبڕ بکەین".
 
جزیری ئەوەشی گوت، حکومەتی تورکیا کردنەوەی وانەی کوردی لە قوتابخانەکان و زانکۆکان و کردنەوەی تەلەڤزیۆنی کوردی وەک بەڵگە دێنێتەوە و گوایە مافەکانی کوردی داوە لە کاتێکدا کە شتەکان بە پێچەوانەن لە راستیدا.