ئۆتۆمبێلێکی ژمارە دهۆک لە وانی باکووری کوردستان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

ئۆتۆمبێلێک لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون.
 
رووداوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 29-08-2023 لە شارۆچکەی پایزاوای سەر بە پارێزگای وانی باکووری کوردستان روویدا. ئۆتۆمبێلەکە ژمارە دهۆکە و لەوکاتەدا لە رێگەی سەرەکیی وان - جۆلەمێرگ رۆیشتووە.
 
ئەمڕۆ پێش رووداوەکە باران لەو ناوچەیە باری و بەگوێرەی میدیای تورکیا، بارانبارینەکە بووەتە هۆی ئەوەی شۆفێرەکە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستبدات.
 
لە رووداوەکەدا شۆفێر و سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون کە دووانیان دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
 
دوای رووداوەکە تیمەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانە، بەرگریی شارستانی و جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. بریندارەکان دوای چارەسەری سەرەتایی، بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و هەزار و 919 لەو رووداوانە گیانلەدەستدانی تێدا بووە؛ هەروەها لە 195 هەزار و 11 رووداودا برینداربوون هەبووە. لەو رووداوی هاتوچۆیانەدا 2 هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش برینداربوون.