قەدەخەی هاتووچۆ بۆ 15 رۆژ لە چەند ناوچەیەکی شرنەخ لە باکووری کوردستان راگەیێندرا
رووداو دیجیتاڵ
چەند ناوچەیەکی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان وەکو ناوچەی ئەمنی راگەیێندران و بۆ ماوەی 15 رۆژ هاتووچۆ تێیاندا قەدەخەیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، "بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی و شیرازەی گشتی؛ هەروەها بۆ رێگریکردن لە روودانی هەر رووداوێکی تووندوتیژی و هەر جۆرە رووداوێکی نەرێنی، بەپێی یاسای ژمارە 2565ی ناوچەکانی قەدەخەی سەربازی و یاسای ناوچە ئەمنییەکان، لە 29ی ئابەوە تاوەکو 12ی ئەیلوول، ناوچەکانی چیای جودی، بەستلەر دەرەسی، کورد داغی، کورەشین، کەل مەهمەد داغڵاری، سەرین ڤادی، فاراشین، ئاڵتن داغی، ئینجەبەل داغی، ئۆیماکایا و تانینی سەر بە ناوەندی شرناخ و ناوچەکانی جزیرە سلۆپی، گوچلوکۆناک، ئولودەرە و بەتولشەباب وەکو ناوچەی ئەمنی راگەیێندران."
دوای شکستهێنانی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە کۆتاییەکانی ساڵی 2015دا شەڕی کۆڵان بەکۆڵان لە نێوان سوپا و هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دژی گەریلاکانی پەکەکە لە شەش پارێزگای باکووری کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو نیسانی 2016 بەردەوام بوو. دواتریش وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی لە شوێنە جیاوازەکانی باکووری کوردستان راگەیاند.
لە سەرەتای ساڵی 2017ـەوە ژووری ئۆپهراسیۆنهكانی وهزارهتی ناوخۆی توركیا شەش زنجیرە ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی لە باکووری کوردستان بەناوەکانی "شکێنەر، تەڵە، هەورە برووسکە، باگۆک، ئەرەن و ئابڵوقە" لە دژی گەریلاکانی پەکەکە لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان و دوورەدەستەکان لە باکووری کوردستان دەستپێکردووە. هێشتا راگەیاندنی ناوچەی ئەمنی و قەدەخەی هاتووچۆ لە چەندین شوێنی باکووری کوردستان درێژەی هەیە.