شەپۆلێکی بارانبارین چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی گرتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانبارین چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند شوێنێک لافاو دروستبوو.
ئادیامان یەکێک لەو پارێزگایانە بوو کە بارانی زۆر و بەخوڕ لە بەشێکی زۆری باری و بەهۆی بەخوڕیی ئەو بارانەوە، بۆ ماوەیەک هاتووچۆ لە چەند شەقامێکی شاری سەمسووری ناوەندی پارێزگاکە وەستا.
هاونیشتمانییان کە ئامادە و چاوەڕوانی بارانێکی لەو جۆرە نەبوون، لە شوێن کار و وێستگەکانی پاسدا تووشی سەختی بوون و مەبەستیان بوو شەپۆلە بارانەکە لێیان نەدات.
هاوکات هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان باران باری و پلەی گەرماش بۆ نزیکەی 30 پلەی سیلیزی دابەزی.
لە بەشێکی زۆری پارێزگای قەرسی باکووری کوردستانیش باران باری و پلەی گەرما بۆ خوار 25 پلەی سیلیزی دابەزی؛ باران لە بەشێکی پارێزگاکانی مەلەتی، خارپێت، دیلۆک، ئامەد، وان، ئەرزینجان، رووهاش بارای و پلەی گەرما لەنێوان 18 پلە و 30 پلەدا بوو.