سێ‌ پاسكیل لە قاوەخانەی كولتووری سلێمانی دزران


رووداو-سلێمانی

قاوەخانەی كولتو‌وری لە سلێمانی پرۆژەیەكی نوێی راگەیاندووە بە ناوی (ئۆتۆمبێلەكەت دابنێ‌ و بە پاسكیل هاتو‌وچۆ بكە) ، بەڵام لەماوەی دوو رۆژدا سێ‌ لە پاسكیلەكان دزراون.

 هێدی ئەبوبەكر ، سەرپەرشتیاری پرۆژەكە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت: "دوێنێ‌ لەكاتی نیوەڕۆدا دوو لە پاسكیلەكان بێ‌ ئاگاداری خۆمان بردراون و ئەوی دیكەش ژمارەی تەلەفۆنی دانا و گوتی شەو دەیگەڕێنمەوە، بەڵام ئەوە دوو رۆژە نەیهێناوەتەوە و ژمارەكەش كەسێك وەڵامدەداتەوە و دەڵێ‌ ئەو نیم".

 لەسەرەتای كردنەوەی پرۆژەكە ئەو كەسانەی دەیانویست پاسكیلەكان لێبخورن تەنیا ژمارەی تەلەفۆنیان لێ وەردەگیرا ، بەڵام وەك سەرپەرشتیاری پرۆژەكە دەڵێ‌ لەمەودوا مۆڵەتی شۆفێری و ناسنامەی باری شارستانی لەو كەسانە وەردەگرن كە دەیانەوێ‌ پاسكیلەكان بەكاربێنن.