لابردنی زمانی کوردی لە تابلۆی مزگەوتێکی بەدلیس کاردانەوەی لێکەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لابردنی زمانی کوردی لە تابلۆیەک کە بۆ 90 ساڵ لە مزگەوتێکی شاری بەدلیسی باکووری کوردستان هەڵواسرابوو، کاردانەوەی لێکەوتەوە.
عەبەولحەکیم کرارابیک، سەرۆکی رێکخستنەکانی پارتی ئاییندە، کە ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆکایەتی دەکات، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر تویتێکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە و لە کۆتایی تویتەکەدا سورەتێکی قورئانی نووسیوە و بە زاراوەی کرمانجیی زمانی کوردیش تەفسیرەکەی نووسیوە.
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاییندە نووسیویەتی، "بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئایینی، زمانی کوردی لەو تابلۆیەدا لابردووە کە 90 ساڵە لە مزگەوتێکی بەدلیس هەڵواسراوە، ئەوە لە کاتێكدایە تورکی و زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی و رووسی وەک خۆیان ماونەتەوە. هەستیاریەتیتان بەرامبەر کوردی هەیە؟ با من بە کوردی بنووسم، (ببێژە ئەو خودایە یەکە، خوەدێ سامەدە و زارۆکێن وی نەبوونە. ئەو بخوە چێنەبوویە. تشتەک نە وەک وی و نە ژی دشبیا وی تونە) ". «قل هو الله أحد، الله الصمد، لم يلد ولم يولد، ولم يكن له كفوا أحد»
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری هەدەپەش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی، "ئەی دیانەت (کاروباری ئایینی) خودا کوردی نازانێ؟ بەدلیس 90%ی شارێکی کوردییە. کاروباری ئایینی لە مزگەوتەکاندا بە ئاسانی رێگە بە زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، فەرەنسی و رووسی دەدات، بەڵام دانانی تابلۆ بە کوردی و پێشکێشکردنی گوتاری ئایینی بە زمانی کوردی و جێبەجێکردنی ئەرکی ئایینی بە کوردی قەدەخە دەکات".
بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە تورکیا زیاد لە 20 ملیۆن کورد دەژین و یەکەمینجار نییە ئەو تابلۆیانە لادەبردرێن کە بە زمانی کوردی لەسەریان نووسراوە.
لابردنی کوردی لەسەر تابلۆکان، بە تایبەتی دوای دانانی قەییوم لەسەر شارەوانییەکانی هەدەپە دەستیپێکرد.
ژمارەیەکی بەرچاو لە قەییومەکان دوای دەستبەکاربوونیان لە شار و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان تابلۆی کوردییان لابرد و کتێبخانەی کوردییان داخست.