عێراق راسپاردەیەک دەداتە UN: هەر وڵاتێک هاووڵاتیی خۆی لە کەمپى هۆل بگەڕێنێتەوە

29-09-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراق راسپاردەیەک لەبارەی کەمپی هۆلی پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان دەداتە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان و بە پێویستی دەزانێ، ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییان لەو کەمپە هەیە، بیانگەڕێنێتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت: "راسپاردەکە دەکرێتە پڕۆژە بڕیار."

عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، راسپاردەیەکیان داوەتە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەری کێشەی کەمپی هۆل و ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو وڵاتانەی هاووڵاتییان لەو کەمپەدایە بیانگەڕێنێتەوە، هاوشێوەی عێراق. 
 
ئەو راسپاردەیە بەشێک بووە لە ئەنجامی ئەو کۆنفرانسەی رۆژی 26ـی ئەیلوول لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا لەبارەى کەمپەکە و لەسەر داواى عێراق بەڕێوەچوو.
 
عەلی جەهانگیر کە بەشداریی ئەو کۆنفرانسەی کردووە، رایگەیاند، بڕیارە ئەو راسپاردەیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێتە پڕۆژە بڕیارێک و دەنگی لەسەر بدرێ بۆ ئەوەی دواتر جێبەجێ بکرێ، بەو پێیەی کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.
 
لە ساڵی 2021ـەوە گەڕانەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆڵ دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا 18 هەزار عێراقی گەڕێندراونەتەوە و کەمتر لە پێنج هەزاریان لەو کەمپە ماون.
 
کەسوکاری چەکدارانی داعش دوای گەڕاندنەوەیان لە کەمپی هۆل، لە کەمپی جەدعەی نەینەوا شیاندنەوەیان بۆ دەکرێ و دواتر دەگەڕێندرێنەوە زێدی خۆیان.
 
بەگوێرەی پلانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، دەبێ تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ سەرجەم عێراقییەکانی کەمپەکە بگەڕێندرێنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە