نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە عەلى سیستانی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی عەلی سیستانی کرد، دوای ئەوەی دوێنێ هاوژینەکەی کۆچی دواییکرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامەکەی لە ئێکس بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "بەوپەڕی خەم و پەژارەوە هەواڵی کۆچی دوایی هاوسەری بەڕێزی مەرجەعی باڵای ئایینی، ئایەتوڵڵا عوزما سەید عەلی سیستانی-مان پێگەیشت".
نێچیرڤان بارزانی، سەرەخۆشی و هاوخەمی لە عەلى سیستانی و بنەماڵەکەى کردووە و دەڵێت: "لە خوای گەورە داواکارین خوالێخۆشبوو بە بەرفراوانترین رەحمەت و لێخۆشبوونی خۆی شاد بکات و جێگەی بەهەشت بێت و سەبووری و ئارامی بە دڵى هەموو کەسوکار و ئازیزانی ببەخشێت"
شەوى 28ـى ئەیلوول، هاوژینى عەلی سیستانی، مەرجەعى باڵاى شیعەکانی عێراق کۆچى دواییکرد و ئەمڕۆ رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى لە نەجەف ئەنجامدرا.
رۆژانى دووشەممە و سێشەممە دیاری کراوە بۆ پرسەى هاوژینەکەى عەلى سیستانی کە لە مزگەوتى خەزرا لە نەجەف دەبێ.