وەزارەتی دارایی: تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کێشەکانی لیستی مووچە کۆتاییان دێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ رێکكەوتوون تا کۆتایی ئەم ساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچە چارەسەر بکەن، "هەموو هەوڵێکی وەزارەتیشمان بە ئاراستەی دوورخستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو کێشە و ململانێیەکی سیاسی".
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی راگەیێندراوێکی لەبارەی پرۆسەی 'هەژماری من' و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەبارەی مووچە بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پرسی دابەشکردن و سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پێی پرەنسیپە گشتیەکانی سیستمی فیدراڵی لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە".
هەروەها دەڵێت، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان تەنها لایەنی بەرپرس و تایبەتمەندە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو مامەڵەیەکی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ حکومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان:
ماوەیەکە پرسی بەبانکیکردن و پێدانی مووچە بەشێوەی راستەوخۆ لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە بە فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێوەی جیاواز بووەتە بابەتی گفتوگۆ و چەندین لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەپێویستمان زانی هەندێک بەرچاوڕوونی بۆ رای گشتی بخەینەڕوو لەبارەی ئەم بابەتەوە.
1- پرسی دابەشکردن و سەرپەرشتیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پێی پرەنسیپە گشتیەکانی سیستمی فیدراڵی لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە، دەستووری هەمیشەیی عێراق لە مادەکانی (116، 117، 118، 119، 120 و 121) سەرجەم دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی دیاریکردووە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاووڵاتیانی خۆی.
2- وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان تەنها لایەنی بەرپرس و تایبەتمەندە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو مامەڵەیەکی دارایی و ژمێریاری لەگەڵ حکومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ.
3- بۆ ئاگاداریی هەموو لایەک، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ رێکكەوتوون تا کۆتایی ئەم ساڵ سەرجەم کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، هەموو هەوڵێکی وەزارەتیشمان بە ئاڕاستەی دوورخستنەوەی بابەتی مووچەیە لە هەموو کێشە و ململانێیەکی سیاسی.
4- ئەوەی پەیوەستە بە پڕۆژەی هەژماری من بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (113) لە رۆژی (2-8-2023) لە بڕگەی سێیەم، سەرجەم ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکان، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من درا و جەخت لەوەکرایەوە کە سەرجەم وەزارەتەکان پشتگیری پڕۆسەی بە دیجیتاڵیکردنی خزمەتگوزاریەکان و سەرخستنی پرۆژەی هەژماری من بکەن، کە ئەوەش دەبێتە بنەمایەک بۆ بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی دارایی و کاراکردنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان، کە دەبێتە هۆی زیاتر گەشەپێدانی ئابووری.
5- بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بە نووسراوی ژمارە (111/ت.ق/ 2024/1405) لە بەرواری (3-7-2024) هەموو ئەو بانکانەی بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من مۆڵەتپێدراوی بانکی ناوەندیی عێراقن و سەرجەمیان لە پڕۆسەی (تەوتين) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەشدارن و هیچ کێشەیەکی یاسایی و تەکنیکی لەبەردەم ئەو بانکانەدا نییە تا پرۆسەی (تەوتین) بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من ئەنجام بدەن.
شایەنی باسە تا ئێستا نزیکەی (700,000) فەرمانبەر و مووچەخۆر لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من (تەوتین) کراون و پرۆسەی بەبانکیکردنیان بۆ ئەنجامدراوە، یەکەم هەنگاوی پڕۆژەی هەژماری من بریتییە لە (تەوتین) واتە بەبانکیکردنی مووچە، مانگی رابردووش نزیکەی (153) هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە رێی پڕۆژەی هەژماری منەوە مووچەیان وەرگرتووە.
راشیدەگەیەنین هیچ رێگرییەک نییە لەوەی بانکەکانی رەشید و رافیدەین یان هەر بانکێکی تر بەشداربن لە پڕۆژەی هەژماری من (تەوتین) بە مەرجێک لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە رێگەپێدراو بێت و مەرجە هونەرییەکانی تێدا بێت.
لە کۆتایدا پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەردەوامبن لە جێبەجێکردنی پرۆژەی هەژماری من بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئاماژەپێکراو، تا تەواوبوونی پڕۆسەکە لە ساڵی (2025)دا، یان دەرچوونی بڕیارێکی تر.
هاوپێچ: دەقی بڕگەی سێیەم لە کۆنووسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (113) لە رۆژی (2-8-2023).