'بەمنزیکانە' 4960 یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای سلێمانی دابەش دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین 4960 یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر كەسانی هەژار و كەمداهات دابەش دەكرێت.
محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بەكاتی سلێمانی)ـی رادیۆی رووداو، کە ئاسۆ سەراوی پێشکێشی دەکات، رایگەیاند وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بڕیاریداوە سەرجەم ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون کە دروستكراون و بە رێژەی جیاواز تەواوكراون و ژمارەیان 9004 یەكەیە، دابەش بکات.
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی گوتی "لە کۆی 9004 یەكە 4960 یەکەیان لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕینن، 11 هەزار و 252 فۆڕمیش بۆ وەرگرتنیان پڕكراوەتەوە. بەدواداچوون بۆ سەرجەم ناوەكان كراوە و بەم نزیكانەش ئەو ناوانەی رەوانەی ئیدارەی ناوچەكانیان دەكرێت، تیروپشکیان بۆ دەکرێت."
بە گوتەی محەممەد جەلیل بەشێك لە یەكەكان داواكاریی كەمیان لەسەرە، بەتایبەتی ئەوانەی لە دەربەندیخان، قەرەداغ، خانەقین و ئیدارەی راپەڕین دروستکراون، بۆیە پێیوایە هەموو ئەوانەی داواكارییان پێشكێشكردووە بە ئاسانی وەریدەگرن، بەڵام دەشڵێت، هەندێک لە یەکەکان داواكاریی زۆریان لەسەرە، لەوانە ئەوانەی ناو شاری سلێمانی لە سیتەك، زڕگوێز، كەڵەوانان، كەلار، كفری و پێنجوێن. بەتایبەت ئەو 3060ـیەكەی لە ناوچەكانی سیتەك و زڕگوێز و كەڵەوانان دروستکراون.
گرفتی سەرەكیی ئەو یەكانە ئەوەیە خزمەتگوزارییان تەواو نەبووە، هێشتا دیاریش نییە كەی خزمەتگوزاریان بۆ دابین دەکرێت، لەسەر چ بودجەیەكیش پارەیان بۆ دابین دەكرێت.
محەممەد جەلیل دەڵێت "بۆ خزمەتگوزارییەكانی ئەو 4960 یەكەیە، 126 ملیار دینارمان پێویستە؛ هێشتا دیار نییە كەی و چۆن خزمەتگوزاری ئەو یەكانە دەكرێت."
سەبارەت بە پرۆژەکانی رێگەوبانیش، بەڕێوەبەری گشتیی رێگاوبان و ئاوەدانكردنەوەی سلێمانی گوتی، كاركردن لە هەردوو رێگای سەرەكی (كەلار – دەربەندیخان و دووكان – چوارقوڕنە) بەشێوەیەكی باش بەردەوامە، ئەوەی یەکەمیان 85% تەواو بووە لە كۆتایی ئەمساڵ دەتوانرێ رێگەكە بەكاربهێنرێت. كاركردن لە قۆناخی دوومی رێگەی دووكان – چوارقوڕنەش بەردەوامە و 45% كارەكانی تەواو بووە".