كۆبانێ: لە سێ قۆڵەوە شەر دەستیپێكردەوە

رووداو- سنووری کۆبانێ

فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رایگەیاند: لە كاژێر پێنجی سەرلەبەیانی ئەمرۆ شەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2014ـەوە، شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و شەڕڤانان لەلایەک و چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەستیپێكردووە و تاكو ئێستا بەردەوامی هەیە.

عەمید تۆفیق خازیاڤایی، فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، "لە هەر سێ قۆڵی باشووری رۆژهەڵات، باكووری رۆژهەڵات لەگەڵ باشوور، شەڕ دەستیپێكردووە و چەكی قورسیشی تێدا بەكاردێت".

ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد، کە فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان تاوەکو ئێستا چوار جار بۆردوومانی بنكە و بارەگاكانی داعشیان كردووە و رایگەیاند، "داعش نەیتوانیوە هیچ پێشڕەوییەك بكات، بە پێچەوانەوە هێزەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) رۆژ بە رۆژ لە پێشڕەویدان و داعش لە پاشەكشە و هەڵوەریندایە.