پۆلیسی سۆران: 'شێخ بەرەکات'مان دەستگیر کرد
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران دەستگیرکردنی کەسێکی دیاری نێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆکی راگەیاند، کە بە "شێخ بەرەکات" ناسراوە. بەپێی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە، ئەو کەسە بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و "پێچەوانەی ئاداب و نەریتی گشتی" لەلایەن داواکاری گشتییەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە.
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023 عەقید شەماڵ دێواری، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "دوای لایڤ و بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆیی لەلایەن کەسێکەوە بەناوی (ک. س. خ) کە ناوی خوازراوی (شێخ بەرەکات)ە و بە شێخی تیکتۆک ناسرابوو، کە پێچەوانەی ئاداب و نەریتی گشتی بوون، کاردانەوەیەکی خراپی لەناو کۆمەڵگەی کوردی لێکەوتەوە، بۆیە ئەندامی داواکاری گشتی سکاڵایەکی لە دژی ناوبراو جووڵاند و بنکەی پۆلیسی چۆمانیش خستیە بەردەم بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی چۆمان."