لیژنەیەک بۆ کاروباری نشینگە لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق پێکدەهێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئەمنیی عێراق، کە بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، تاوتوێی دروستکردنی لیژنەیەکی پشتیوانیی ناوەندیی هەمیشەیی بۆ چارەسەکردنی کێشە و تەگەرەکانی پەیوەست بە کاروباری نشینگە لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا. هەروەها بڕیاردرا لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە تواناکانی دەوڵەت بۆ گوشار خستنە سەر دەنگدەران بەکاردەهێنن.
 
رۆژی چوارشەممە 29-11-2023، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کرد.
 
 گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "باسی هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و راوەدونانی تاوانی رێکخراو کرا، جگە لە تاوتوێکردنی ئەو پلە وەزیفییانەی تایبەتن بە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە ئەنجوومەنی خزمەتی فیدڕاڵی و ئەو پشکنینانەی بۆ پێشکێشکاران دەکرێت."
 
 لە کۆبوونەوەکەدا باسی رێکارەکانی لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 22220ـی ساڵی 2022 کراوە لەبارەی ئەو لیژنەیەی بەپێی ئەو فەرمانە دروستکراوە بەو پێیەی لیژنەیەکی پشتیوانیی ناوەندیی و هەمیشەیی لەنێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق هەبێت بۆ چارەسەکردنی کێشە و تەگەرەکانی بەردەم کاروباری مانەوە.  
 
لە راگەیێندراوی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنەکە کە لە وەزارەتەکانی ئەمنیی و سەربازیی و دەزگاکانیان پێکدێت "جەخت لەسەر رێکخستنی کاروانە سەربازییەکان لە رێگەی نووسراو بۆ جوڵە سەربازییەکان کراوە کە دەبێت لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەربچێت و بازگەکان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە بڕیارە 18-12-2023 بکرێت، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی کرد، لێپێچینەوەی یاسایی لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە تواناکانی دەوڵەت بۆ گوشارخستنە سەر دەنگدەران بەکاردەهێنن.