بەهۆی کەمبوونەوەی کارەباوە هاونیشتمانییانی هەڵەبجە موەلیدەی تایبەت بەکاردەهێنن

رووداو دیجیتاڵ

خاوەنی یەکێک لە چێشتخانەکانی هەڵەبجە بەهۆی کەمبوونەوەی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانییەوە، موەلیدە تایبەتەکەی خۆی کار پێدەکات و دەڵێت، "لەم بێ بازاڕییە دەبێت خەرجی موەلیدەکەش بکەین."

ئيبراهيم ناسر، خاوەنی ئەو چێشخانەیەیە و دەڵێت، "کارەبا بەو شێوازە نەماوە سوودی لێ ببينين ،يان دەبێت چێشتخانەکەمان دابخەين يان دەبێت موەلیدە بەکاربهێنین. لەم وەرزە بازاڕ کزە مووچە نيیە و کارەبا نيیە دەبێت خەرجی موەليدەکەش بدەين."

سۆران مەجید، هاونیشتمانییەکی هەڵەبجەیە لەبارەی کارەباوە گوتی، "کارەبا پێداویستیی ژيانە بەس لە وڵاتی ئێمەدا دەبێت دابنيشين بزانين کەی دێتەوە کە دێتەوە نايبينی نازانی کەی دەبڕێت، تائێستا بەداخەوە چارەسەری نەکراوە."

بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەڵەبجە باس لەوەدەکات، هۆکاری سەرەکی نەبوونی کارەبا ئەوەيە کە سووتەمەنی پێويست دابين ناکرێت بۆ تۆڕبايینەکانی هەولێر و چەمچەماڵ.

نەورۆز جەمال، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەڵەبجە دەشڵێت، "سەبارەت بە کارەبا چەند هۆکارێکی هەيە پلەی گەرما نزمبووەتەوە خواست لەسەر کارەبا زۆرە، هۆکاری سەرەکی ئەوەيە سووتەمەنی دابين ناکەن بۆ تۆڕبايینەکان لە هەولێر و چەمچەماڵ، سووتەمەنی هەيە و خەرج ناکرێت لەبەر ئەوەی پێويستی بە داهات هەيە و داهاتەکە سەرف ناکرێت."