لە هەولێر کوتاڵفرۆشێک نزیکەی ''دوو ملیۆن دۆلار''ی چەند هاونیشتمانییەک دەبات و رادەکات
رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر کوتاڵفرۆشێک نزیکەی دوو ملیۆن دۆلاری چەند هاونیشتمانییەکی بردووە و تائێستا نادیارە، یەکێک لەو کەسانەی کە پارەی لای ئەو کوتاڵفرۆشەیە دەڵێت "19 دەفتەر و نیوی منی بردووە و نازانین بۆکوێ چووە." برایەکی ئەو کوتاڵفرۆشەش دەڵێت "ئۆتۆمبێلی ژێر منی دەرهێناوە و فرۆشتوویەتی."
شەهیان تەحسین بە دواداچوونی بۆ ئەو بابەتە کردووە، یەکێک لەو کەسانەی پارەی داوەتە کوتاڵفرۆشەکە لە بەرنامەی بەرپرسیار کە رۆژی 29-12-2022 پێشکێشکرا گوتی؛ رۆژی 23-3-2022 بڕی 15 هەزار دۆلاری داوەتە ئەو کەسە و دەشڵێت " لە ماوەی 4 مانگدا 14 وەرەقە و 70 دۆلاری وەک قازانج پێدام. دواتر بزربووە و پارەی خەڵکانێکی زۆری خواردووە."
ئەو هاونیشتمانییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەدات کە بە وەسڵ پارەکانم پێدا و پەنجەمۆریشی کردبوو " پێیگوتم کە هەر کاتێک داوای پارەکەت کردەوە لە ماوەی مانگێکیدا پارەکەت دەدەمەوە."
"200 دەفتەری خەڵکی خواردووە و رۆیشتووە"
دوایینجار کە ئەو کوتاڵفرۆشە پەیوەندی بەو هاونیشتمانییەوە کردووە مانگی 7ی ئەمساڵ بووە، پێی گوتووە هەندێک کەلوپەلم لە دوبەی بۆ هاتووە، وەرە لام و دوای فرۆشتنی پارەکەت بۆ دەگەڕێنمەوە "بەڵام کە هاتمە دووکانەکەی بینیم داخرابوو، خەڵکەکە پێیانگوتم کە 200 دەفتەری خەڵکی خواردووە و رۆیشتووە. "
بەگوتەی ئەو هاونیشتمانییە خەڵک هەیە ئۆتۆمبێلی بەو کەسە داوە و لەنێویاندا "ژن" هەیە "هەموو فێڵەکەیشی بەنێوی بازرگانیکردن بووە بە قوماش و گوتوویەتی لە دوبەی قوماش دەهێنم." دەشڵێت "پارەکەی هەڵگرتووە و نەخوراوە، بەڵام ئێستا نازانین بۆ کوێ رایکردووە."
برای کوتاڵفرۆشەکە: نازانم براکەم لەکوێیە
جەمال زێنەدین برای سەرتیپ زێنەدین قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "ئێمە نازانین براکەمان لەکوێیە، تاوەکو دووکانەکەیشی دانەخرا ئێمە هەر وامانزانی خەریکی کاری خۆیەتی، چونکە ئەو کارە لە خێزانی ئێمە ناوەشێتەوە و لە هەولێر کەسێکی دیارین."
"بە خەڵکم گوتووە ئیش لەگەڵ سەرتیپ نەکەن و پارەی پێنەدەن"
بە گوتەی جەمال زێنەدین پێش ئەوەی براکەی دیارنەمێنێت کەسانێک هاتوونەتە لای و راوێژیان پێکردووە بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ سەرتیپ بکەن، بەڵام ئەو دەڵێت "پێیانم گوتووە کە ئیش لەگەڵ سەرتیپ نەکەن، چونکە ئەگەر سەرتیپ پارەی پێویست بێت ئێمە باری داراییمان باشە. من بە سەرتیپیشم دەگوت کە نابێت پارە لە خەڵک وەربگری، لەسەر ئەو کارەی 15 رۆژ قسەم لەگەڵی نەکرد."
دەشڵێت "ئەو کەسانەی ئێستا پارەکەیان لای سەرتیپە پێیانم گوتووە کە پارەی پێنەدەن و ئیشی لەگەڵ مەکەن، بەڵام نازانم ئەوان بۆ ئەو کارەیان کرد. ئەو کەسانەیشی پارەیان لای سەرتیپە 26 کەسن، کۆی گشتی پارەکەش وەک باسدەکەن 150 دەفتەرە."
کەیسی کوتاڵفرۆشەکە لای دادگەیە
دوای تۆمارکردنی سکاڵا، ئێستا کەیسەکە لای دادگەیە، برای کوتاڵفرۆشەکە دەشڵێت " 11 کەس تاوەکو ئێستا سکاڵایان لەسەر براکەم تۆمار کردووە." ئاماژە بەوەش دەدات "خەڵک هەیە لە شەقڵاوە هاتووە و گوتوویەتی خزمی سەرتیپم، بەڵام من نەمزانیوە خزمی وامان هەبووبێت و 19 دەفتەر دۆلاریشی پێداوە و ئەوەش زۆرترین پارەیە کە کەسێک پێی دابێت."
"کەسێک 11 دەفتەری داوەتە براکەم 22 دەفتەری قازانج کردووە"
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا برای کوتاڵفرۆشەکە ئاماژەی بەوەدا کە "خەڵک دەناسین 11 دەفتەری داوە بە سەرتیپ، بەڵام 22 دەفتەری لێ قازانج کردووە."
جەمالی برای سەرتیپ دەشڵێت، تائێستا سەرتیپ قسەی لەگەڵ ئەو نەکردووە و ئاگای لێی نییە "بەڵام ئۆتۆمبێلەکەم بەناوی سەرتیپەوە بوو، چووە ئۆتۆمبێلەکەی بن منی فرۆشتووە. ئەو برامە، بەڵام شەرمەزارین و پێی دەڵێم کە بریا رەحمی بە دایک و باوکم کردبا و ئەو کارەی نەکردبا."
دووکاندارێک: زۆربەی ئەو کەسانەی پارەیان بردراوە، ئافرەتن
کەسێکی دیکە بەناوی ئەردەلان کە دراوسێ دووکانی سەرتیپ بووە، ئەویش لە بەرنامەی بەرپرسیار قسەی کرد و گوتی " ئەو دووکانی لە تەنیشت دووکانەکەی من بوو، شتەکانی منی بە ژنان دەفرۆشت، بەڵام پارەکەی نەدەدایەوە بە ئێمە و دەیگوت وەرمنەگرتووە. ئێستا چەند ملیۆنێکی منی لایە." دەشڵێت " زۆربەی ئەو کەسانەی پارەیان بردراوە، ئافرەتن."
"سێجار چوومەتە بنکەی پۆلیس و نووسراوی دادگەم لێ وەرناگرن"
یەکێکی دیکە لەو مامەڵەکارانەی پارەی بە سەرتیپ داوە، دەڵێت " 19 دەفتەر و نیوم بە کاش پێدابوو و من دوایین کەس بووم و مانگی 7 پارەکەم پێدا. نووسراوی دادوەرم لایە، بەڵام بنکەی پۆلیس سێجارە وەری ناگرێت. من دەزانم کە براکەیشی دەستی لەنێو ئەو کارەدایە، بەڵام نازانم بۆ دەستگیر ناکرێت."
بەگوتەی ئەو دووکاندارە، ئێستا بەهۆی ئەو مامەڵەیەوە ژیانی تێکچووە و دەشڵێت "چاوەڕێین حکومەت شتێک بکات، داوا دەکەین سەرۆکی حکومەت بێتە سەر خەت، چونکە ئەو کەیسە زۆر گەورەیە و کێشەی زۆری دروستکردووە."
"حکومەت ناتوانێت دەستوەردان لە مامەڵەی دوولایەن بکات"
محەممەد زراری، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو جۆرە مامەڵانە لەسەر ئەساسی متمانە دەکرێت، بەبێ ئەوەی هیچ زەمانێک یان کۆمپیاڵەیەک لەو کەسە وەربگرێت کە مامەڵەکەی لەگەڵ دەکات. هاونیشتمانیانیش متمانەیان بە کۆمپانیا پشکدارەکان و بانکەکان نەماوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە کە ئەو جۆرە مامەڵانە زیاتر بکرێت."
دەشڵێت "ئەو مامەڵەیە لەنێوان دوو کەس دەکرێت، لەبەرئەوە حکومەت ناتوانێت دەستوەردان لە مامەڵەی دوولایەن بکات. لەڕووی یاساییشەوە تەنیا کەسی مامەڵەکار دەبێت شتێک لەبەرامبەر ئەو پارە وەربگرێت کە بە کەسی بەرامبەری دەدات، وەکو تاپۆی خانوو..."