وردەکاریی لە سێدارەدانی سێ هاونیشتمانی لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی رۆژی هەیینی سێ بەندکراوی کورد لەگەڵ بەندکراوێکی دیکەی تورکدا لە بەندیخانەی ورمێ بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" لە سێدارەدران.
وەفا هەنارە، ئارام عومەری و رەحمان پەرحازۆ. ئەو سێ بەندکراوە کوردەن دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک کە لەلایەن میدیای ئیسرائیلەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکران.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند، ئەو 4 کەسە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبوو و بە رێنمایی مۆساد، دژی ئاساییشی ئێران کاریان کردووە.
ئەو چوار کەسە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیەی کە میدیای ئیسرائیل لە نیسانی 2022 بە ناوی دانپێدانانی ئەندامێکی تیمی تیرۆری سوپای پاسداران بڵاویکردەوە دەستبەسەرکران. دوای بڵاوکردنەوەی، میدیای ئیسرائیل رایگەیاند، لە نێو خاکی ئێراندا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کردووە.
ئەو کەسەی لە گرتە ڤیدیۆکەدا قسەدەکات، مەنسوور رەسوولی، خەڵکی ورمێیە. سەرەتا دەڵێت، سوپای پاسداران رایسپاردووە لە تورکیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا سێ کەس تیرۆر بکات، بەڵام دواتر گوتی پەیوەندی بە سوپاوە نییە و ناچارکراوە ئەو قسانە بکات.
مەنسوور رەسوولی دواتر خۆیشی دەستبەسەر کرا و دەگوترێت، بە بەندکردنی تاهەتایی سزادراوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە پاییزی 2021ـەوە تاوەکو زستانی 2022، 9 کەسیان دەستبەسەر کرد. جگە لەو چوار کەسەی لەسێدارەدران، پێنج کەسەکەی دیکە، هەر یەکێکیان بە 10 ساڵ بەندکردن سزادراون.
ناسر عەتەباتی، بەڕێوەبەری دادی پارێزگای ورمێ دەڵێت، ئەندامانی ئەو گرووپە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو کەسانەیان دەدا لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی ئێران کار دەکەن و بە رفاندن، هەڕەشە و لێدان هەوڵیاندەدا زانیاریی نهێنییان لێوەربگرن.
میدیای فەرمیی ئێران پێشتر دانپێدانانی ئەو 4 کەسەی بڵاوکردووەتەوە. تێیدا دان بە تۆمەتەکەدا دەنێن، بەڵام وەفا هەنارە پێش ئەوەی لەسێدارە بدرێت لە گرتووخانەی ورمێوە بە تەلەفۆن بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی راگەیاندووە، لە ژێر ئەشکەنجە ناچارکراون دان بەو تۆمەتەدا بنێن.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە زاری کەسوکاری ئەو 4 لەسێدارەدراوەوە بڵاویکردووەتەوە، دۆسیەی ئەو چوار کەسە لە بەشی پێداچوونەوەی دیوانی باڵای دادوەری و کۆمیسیۆنی لێخۆشبوون بوو و هێشتا بڕیاری لەسەر نەدرابوو.
شەوی پێنجشەممە و پێشنیوەڕۆی هەیینی ژمارەیەک لە کەسوکاری لەسێدارەدراوەکان لە بەردەم گرتووخانەی ورمێ گردبوونەوە بۆ ئەوەی پێش بە لەسێدارەدانیان بگرن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا دەڵێت، هێزە ئەمنییەکان رۆژی هەیینی وەڵامی داواکاریی کەسوکاری لەسێدارەدراوان بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکانیشیان نەداوەتەوە.