بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو بە مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی خەراب جیری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سنووری شارۆچکەی رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان و گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.
ئەو گرووپە چەکدارە شیعییەی کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناساندووە، ئەمشەوی هەینی، 29-12-2023، رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ئاسمانیی خەراب جیر، کە دەکەوێتە پارێزگەی حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.
گرووپەکە دەڵێت، "موجاهیدەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بە چەند مووشەکێک هێرشیان کردە سەر بنکەی خەراب جیری داگیرکاران لە قووڵایی سووریادا و ئامانجەکەیان پێکا."
مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هەروەها دەڵێت، ئەو هێرشە وەڵامێک بووە بۆ "رەشەکوژیی زایۆنییەکان" دژی خەڵکی غەززە. گرووپە چەکدارە لایەنگرەکەی ئێران هەروەها ڤیدیۆی هاویشتنی مووشەکەکانی بڵاوکردەوە.
لەو کاتەوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، گرووپەکە بەرپرسیارێتیی خۆی لە زیاتر لە 100 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان، عێراق و سووریا راگەیاندووە.
لە 17ی تشرینی یەکەمەوە، ئەمە یازدەیەمین هێرشی گرووپەکەیە بۆ سەر بنکەی خەراب جیر کە دەکەوێتە سێگۆشەی سنووریی سووریا، عێراق و تورکیا.
بنکەکە هەروەها بە بنکەی رمێلانیش ناسراوە، کە خۆی لە فڕۆکەخانەیەکی کۆنی کشتوکاڵیدا دەبینێتەوە. ساڵی 2014، سوپای ئەمریکا فڕۆکەخانەکەی کردە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەر و یەکەمین بنکەی سەربازیی خۆی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەندین جار لە عێراق و سووریا هێرشی کردووەتە سەر پێگە و بارەگاکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران، کە دوایینیان رۆژی سێشممەی رابردوو، 26ی کانوونی یەکەم بوو، کاتێک کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە، سێ شوێنی کەتائیبی حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی لە باشوور و نێوەڕاستی عێراق بۆردوومانکردن.
ئەو هەنگاوەی ئەمریکا لە تۆڵەی هێرشێکی درۆنی بۆمبڕێژکراو بوو بۆ سەر بنکەیەکی هێزەکانی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کە تێیدا سێ سەربازی ئەمریکی، یەکێک لەوانە بەسەختی، بریندار بوون.
هەر لەم مانگەدا، لە هەڵچوونێکی گەورەی گرژییەکاندا، بۆ یەکەمین جار دوای ساڵێک، هێرش کرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
ئەم گرژیانە دوای ئەوە دێن کە لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا هەفتەیەک لەمەوبەر لە سەردانێکی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕایەوە، کە ئامانج لێی رێگریکردن بوو لە هەوڵەکانی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ ئەوەی جەنگی حەماس و ئیسرائیل فراوانتر نەکەن.