پێنج هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بێسەروشوێنن
رووداو دیجیتاڵ
پێنج هاونیشتمانیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچە شاخاوییەکانی نێوان شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و سیدەکانی هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن.
ئەو هاونیشتمانییانە مەڕ و ماڵاتیان بردبووە کوێستانەکانی خنێرە لە سنووری سیدەکانی هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەی ئەمڕۆ رزگارکران، گەڕاونەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان.
کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییانە ئاگاداربوون کە ئەو کەسانە چوونەتەوە نێو سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام دوای ماوەیەک دیار نەماون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، 4 کەس لەوان خەڵکی شنۆ و ئەوی دیکەش خەڵکی ناوچەی بەراندێزی ورمێیە.
یەکێک لە خزمی ئەو هاونیشتمانییانە بە رووداوی گوت، مانگی سووریان ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام دۆخەکە زۆر خراپە و ئەوەش وایکردووە، تیمەکان نەتوانن بچنە ناوچە شاخاوییەکان.
ناوی سێ لەو هاونیشتمانییە بریتییە لە سەیفەدین، جبرەئیل و کەمال.