سەدان هاونیشتمانی لە رێگەوبانەکانی باشووری کوردستان بەهۆی بەفرەوە گیریان خواردووە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارینەوە، ئاستەنگیی هاتووچۆ لە زۆربەی رێگە سەرەکییەکانی نێوان شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە و چەندین رێگەی سەرەکی داخراون. بە سەدان هاونیشتمانی، کە ژن و منداڵیان لەگەڵدایە، لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
 
ئەحمەد تەیب، هاونیشتمانییەکی گیرخواردوو، بە رووداوی گوت: "نزیکەی 200 ئۆتۆمبێلین، لە پشت حاجیاوا لە چیای ماکۆک گیرمانخواردووە و ئۆتۆمبێلەکانیش دەخلیسکێن. خێزان و منداڵ لە نێو ئۆتۆمبێلەکاندان و داوای بەهاناوەچوون دەکەین".
 
رێگەی هەولێر - کۆیە بەهۆی بەفربارینەوە داخراوە و کۆمەڵێک ئۆتۆمبێل لەسەر ئەو رێگەیەش گیریانخواردووە. عەبدوڵڵا شەمۆ، بە رووداوی گوت: "بەفرێکی زۆر لەسەر شەقامەکەیە و تەنیا ئۆتۆمبێلی بەرز و دەبڵ دەردەچن. 2 کاژێرە وەستاوین و ژن و منداڵمان لەگەڵ هەن. بەشێکی ئۆتۆمبێلەکان بەنزینیان نەماوە و کوژاندوویانەوەتەوە. وەرن بەهانامان. تەلفۆن بۆ بەرگریی شارستانیی هەولێر دەکەین، دەڵێن، ناوچەکەتان لە سنووری کاری ئێمە نییە." 
 
رێگەی هەولێر-شەقڵاوە، سایدی چوون و هاتن داخراوە. هونەر ئەکرەم، هاونیشتمانییەکی گیرخواردووە لەسەر ئەو رێگەیە، بە رووداوی گوت: "تونێلی پیرمام بە هەردوو سایدی چوون و هاتن داخراوە و بە سەتان ئۆتۆمبێل کە خێزان، ژن و منداڵ لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە. من سێ کاژێرە لەنێو ئۆتۆمبێلم، بەبێ ئەوەی بتوانم بڕۆم."
 
 
بەڕێوەبەرایەتی چاککردنی رێگاوبانی هەولێر وێنەی تیمەکانیانی بڵاوکردەوە، کە خەریکی کردنەوەی رێگان لە پێش تونێڵی پیرمام.
 
جووتیار عەباس، هاونیشتمانییەکی گیرخواردووە لەسەر شەقامی کۆیە-هەولێر، بە رووداوی گوت: "بەفرێکی زۆر باریوە و 7 ئۆتۆمبێلین بە دووری 10 کیلۆمەتر لە پشت بازگەی کۆیە گیرمانخواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەین."
 
لە چەند بەشێکی شەقامی نوێی هەولێر-گۆمەسپان بەهۆی بەفرباینەوە ئاستەنگی دروستبووەو هاونیشتمانییان داوای بەهاناوەچوون دەکەن. هەریەک لە هەردی ئیسماعیل و بڕوا فارس و بەدرەدین محەممەد، سێ هاونیشتمانیی گیرخواردوون، بە رووداویان راگەیاند: "رێگەکە یەک سایدە و تەواوی شەقامەکە داخراوە و خەڵک لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان ماونەتەوە لە نزیک گوندی باخچەی گەورە. پێنج کاژێرە لەنیو ئۆتۆمبێلین. زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل دەبن."
 
رێگەی سماقووڵی بەرەو رانیەش داخراوە. سەرکەوت محەممەد، هاونیشتمانیی گیرخواردوو، بە رووداوی گوت: "لە هەورازێکدا سێ ئۆتۆمبێل سەرنەکەوتن و تەواوی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە مانەوە و بەفر زیاتر باری و رێگەکە داخرا. زیاتر لە 300 ئۆتۆمبێلین و تەنانەت ئۆتۆمبێلی دەبڵیش دەرناچێت. هیچ تیمێکی بەرگریی شارستانی لەوێ نین."
 
لە تونێلی ماوەرانیش ئاستەنگیی هاتووچۆ دروستبووە. محەممەد عومەر، شۆفێری بارهەڵگرە، بە رووداوی گوت: "شەقامەکە بەستوویەتی و هاتن و چوون نییە. زیاتر لە 3 کاژێرە لەسەر ئەو رێگەین، رێگەکە زیاتر بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و بچووک زەحمەتترە و سەتان ئۆتۆمبێل ئیستا لەسەر شەقامەکە گیریان خواردووە و بەشێکیشیان ژن و منداڵیان لەگەڵ دان."
 
لە نزیک کانی وەتمانیش لەسەر رێگەی هەولێر-سلێمانی، ئاستەنگیی هاتووچۆ دروستبووە. نەورەس عەبدولڕەحمان و هیوا ئەحمەد، بە رووداویان گوت، لە کانی وەتمان و رێگەی بێستانە زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل وەستاون و رێگەکە یەک سایدە و چوون و هاتن نییە. لە کاژێر 4ـەوە لەو شوێنە قوفڵ بووین."
 
 
هۆشداریی بە گەشتیاران دەدرێت، رێگەی حاجی ئۆمەران بەکارنەهێنن. مستەفا حەسەن، لە تێرمیناڵی گواستنەوەی حاجی ئۆمەران، بە رووداوی گوت: " ئاسایش ئێمەی ئاگادارکردووەتەوە، کە گەشتیاران ئاگاداربکەینەوە ئەو رێگەیە بەکارنەهێنن. هەر کەسێک تایبەت ئەمشەو رێگەکە بەکاربهێنێت گیردەخوات."
 
لە سەنگەسەریش بە دیاریکراوی لەسەر رێگەی گشتیی رانیە بۆ قەڵادزێ بەهۆی بەفربارینەوە ئاستەنگیی هاتووچۆ دروستبووە. رێباز عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییەکی گیرخواردووە، بە رووداوی گوت: "لە گوندی تووەسووران زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل گیریانخواردووە. لە کاژێر 4ـەوە لەنیو ئۆتۆمبێلەکانمان داین و هیچ تیمێکیش رەوانەی شوێنەکە نەکراوە."
 
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە رووداوی گوت: "دوو تیم بە 10 ئۆتۆمبێل خەریکی کردنەوەی رێگەی هەورازە نەفتە و هەنارەین، ئاستەنگیی زۆر لە رێگەی مام چۆخان، دڵۆپە و هەنارە هەیە. هەر هاونیشتمانییەک لەنێو بەفر گیری خواردووە، پەیوەندی بە ژمارە 115ـی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان بکات، لۆکەیشن بنێرێت دەچین بەهانایان."
 
بەرگریی شارستانیی سلێمانی، هۆشداری بە هاونیشتمانییان دەدات، کە ئەمشەو ئەگەر بۆ کارێکی زۆر گرنگ نەبێ لە ماڵەکانیان دەرنەچن و رێگە سەرەکییەکان بەکارنەهێنن.
 
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "هەموو تیمەکانمان راسپاردوون و لە دەرەوەن بۆ رزگارکردنی هاونیشتمانییان، لە رێگەی دووکان و بازیان ئاستەنگیی هاتووچۆ هەبوو، تیمەکانمان لەوێن و کەمێک پێش ئێستا رێگەی دووکان کرایەوە."