وەزیری كشتوكاڵ: دەمانەوێت لە بەرهەمی خۆماڵی بگەین بە خود دابینکاری
رووداو - هەولێر
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت، ئەگەر حکومەت بیەوێت لە رووە ئابوورییەکەیەوە پشت بەوڵاتان نەبەستێت و هێللکەو سەوزەو میوە نەهێنێت، دەبێت ئەو بڕوایەی بۆ دروست ببێت كە بودجەیەکی شایستە بۆ کەرتی کشتوکاڵی دابین بکات، ئەوەش ئاشکرا دەکات باج لەسەر هەموو بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دادەندرێت لەو کاتەی بەروبوومی خۆماڵی پێدەگات.
عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەفزیۆنی رووداو، لەبارەی رەوشی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستانداگوتی:" یەکێک لەو کێشەو گرفتە گەورانەی کە ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەمانە، ئەو بودجە کەمەیە کە بۆ وەزارەت دیاریکرابوو لە رابردوودا".
مەجید ئەوەشی راگەیاند لە ساڵی 2013 دا 1.8 لە بودجەی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ کشتوکاڵ دیاریکراوە، لە کاتێکدا پێوەری جیهانی بۆ وڵاتێکی کشتوکاڵی، نابێت کەمتر لە 10% ی بودجەی گشتی بۆ دیاری بکرێت".
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەمجارە چاویان لەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاشان پەرلەمان بودجەیەک تێنەپەڕێنن کە کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی کشتوکاڵی سەیرنەکرێت.
مەجید ئاماژە بەوەش دەدات، دەبێت حکومەت و هاووڵاتیان لە هەموو بوارەکان بگەنە ئەو رایەی پێویستە هەرێمی کوردستان تاکە سێکتەری بۆ پارستنی ئاسایشی ئابووری تەنیا نەوت نەبێت، دەشڵێت:"ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بیەوێت لە رووە ئابوورییەکەیەوە پشت بەوڵاتان نەبەستێت و هێللکەو سەوزەو میوە نەهێنێت، دەبێت ئەو بڕوایەی بۆ دروست ببێت بودجەیەکی شایستە بۆ کەرتی کشتوکاڵی دابین بکات، تا ئێمە بێمنەت بین لەوەی ئەو پێداویستییە گرنگانەی کە هاووڵاتی رۆژانە پێویستییەتی لە دەرەوە نەهێنێت و لە وڵاتی خۆمان هەبێت".
لەبارەی ئەو پلانە پێنج ساڵییەی کە بۆ کەرتی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان داندرابوو، وەزیری كشتوكاڵ گوتی:" لەبەرئەوەی بودجە نەبووە، پلانەکە کاری پێنەکراوە، لە کاتی خۆشیدا ئەو بودجەیەی پێویستی پێیبووە بۆی دابین نەکراوە"، گوتیشی" بۆیە یەکێک لە پلانەکانمان ئەوەیە دەمانەوێت لە بەرهەمی خۆماڵی بگەین بە خود دابینکاری، خۆ بژێوی بە تایبەتی ئەو بەرهەمانەی سەرەکین و هاووڵاتی هەمیشە پێویستی پێیەتی".
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە "ئەمساڵ رەزامەندیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە باج لەسەر بەروبوومی هاوردە دابنێین بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی"، ئاشکراشی دەکات " ئێستا بڕیارەکە ئامادەیە لە پێناو پارستنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ ئەوەی جووتیارانمان ئەوەی ئەمساڵ بەرهەمی دەهێنێت، بەرهەمەکەی لە بازاڕەکانی خۆمان بفرۆشرێت، بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێ یاری بە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان نەکەن".
مەجید روونیدەکاتەوە، کە باجەکە لەسەر هەموو بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دادەندرێت، روونیشی دەکاتەوە "باجەکە لەو کاتە دادەندرێت، کە بەروبوومی خۆماڵی پێدەگات، کە تەواویش بوو باجەکە لادەبەین"