پێشمەرگە و سوپای عێراق لە بانی مەقان کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزە هاوبەشەکانی عێراق بۆ هاوئاهەنگی لە ناوچەی بانی مەقان لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش رایانگەیاند کۆبوونەوەیەکی "بەرهەمدار"یان کردووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی کانوونی دووەمی 2022، شاندێكی سەربازیی عێراق بە سەرۆكایەتیی فەریق روكن عەبدولئەمیر شمەری، جێگری فەرماندەی  ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سەربازی گەیشتنە كەركووك و دواتر لە بانی مەقان لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
 
دوا کۆبوونەوەکە، فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی هاوبەش لەگەڵ فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "بە مەبەستی بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگیە بەردەوامەکانی نێوان هێزەکانی فیدراڵی و هێزەکانی پێشمەرگە ئەمڕۆ سەردانی میحوەری چواری هێزەکانی پێشمەرگەمان کرد و کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ فەرماندەی میحوەرەکان و ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامدا".
 
فەریق روکن عەبدولئەمیر شەممەری گوتیشی ئەو کۆبوونەوەیە بە تەواوکاری کۆبوونەوەکانی رابردوو دادەنرێت، رێککەوتن و هاوئاهەنگییەکی زۆر باش لەنێوانماندا هەیە، هەروەها گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری لەو ناوچانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولان. گوێمان لە فەرماندەی میحوەرەکان گرت و دەستنیشانی ئەو شوێنە گرنگانەمان کرد کە پێویستییان بە ئۆپەراسیۆنی خێرا هەیە، بەو شێوەیەی کە رێککەوتنمان لەسەری کردووە بە هاوبەشی کارەکانمان دەکەین".
 
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵا لە ئەفسەرانی سوپای عێراق لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و دیالە کرد و کۆبوونەوەیەک لەنێوان شاندەکەی سوپای عێراق و فەرماندەکانی پێشمەرگە لە سنوورەکە بەڕێوەچوو".
 
بە گوتەی جەبار یاوەر لە کۆبوونەوەکە "هەڵسەنگاندنێکمان بۆ هەموو کارەکان کرد، کە لە دوای 4ی 12 بڕیارمان لەسەردابوون، بە تایبەتی کارە هاوبەشەکان لە هەموو ناوچەکان و میحوەرەکان. بەڕاستی ئەنجامێکی زۆر باشی هەبوو بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی لەو ناوچانە بکەن".
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "رێککەوتنێکی باشمان کردووە لەسەر چەند خاڵێک بۆ کاری هاوبەش لە ئایندە، بۆ ئەوەی بە یەکجارەکی ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە دابین بکرێت".
 
دوای هێرشەکانی کۆتایی ساڵی 2021 و سەرەتای ئەمساڵ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق بڕیاری چڕکردنەوەی زیاتری هەوڵەکانیان دا و چەند جارێک ئۆپەراسیۆنیان لە ناوچەکانی بۆشاییی ئەمنی کرد، بڕیارە دوو لیوای هێزی هاوبەش لەو ناوچانەشدا بڵاوبکرێنەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکاندا 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی هەیە؛ ئەو دوو لیوایە بۆ بەشێک لەو شوێنانە بڕیاریان لەسەردراوە و هەر لیوایەکیان ژمارەیان نزیکەی سێ هەزار و 500 کەس دەبێت.
 
هێرشەکانی داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەبوونی بۆشاییە ئەمنییەکان؛ بەگوێرەی ئەو ئامارەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رۆژی 26-12-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی داوە، لە سەرەتای ساڵی 2021ـەوە تاوەکو 31-11-2021، چەکدارانی داعش 229 هێرشیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ئەنجامدا 356 کەس گیانیان لەدەستداوە، 480 کەس برینداربوون و 33 کەس رفێندراون.
 
رۆژی دووشەممە 17-01-2022، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە بەغدا بە رووداوی رایگەیاند "کارەکانی پێکهێنانی ئەو دوو لیوایە 85%ی تەواو بووە، هۆکاری دواکەوتنەکە زیاتر پەیوەندیی بە مووچەوە هەیە، چونکە مووچەی لیواکەی هەرێمی کوردستان دەچێتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق. هەروەها هەندێک کەموکوڕی هەبوو لە زانیاریی ناوەکان کە رەوانەکرابوو. ئەو ناوانە بە نووسراوی فەرمی گەڕانەوە وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر جارێکی دیکە گەڕێندرانەوە بەغدا. ئێستا تەنیا وردبینیکردن لە ناوەکان ماوە لەگەڵ دانانی بودجەیەکی تایبەت و هەروەها مووچە؛ پشتیوان بە خودا ئەویش لە ماوەیەکی نزیک کۆتایی دێت".