ڤیدیۆ؛ دوو کەس ئازاری سەگێک دەدەن و بە ئاگر دەیترسێنن
رووداو دیجیتاڵ
ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بڵاوکراوەتەوە کە دوو گەنج پەتیان لە ملی سەگێک کردووە و ئازاری دەدەن، گەنجێکیان بە ئاگر دەیترسێنێت، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵدۆستانی کوردستانیش داوا دەکات، ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن.
ئەو شوێنەی ڤیدیۆکەی تێدا تۆمارکراوە دیارنییە چ شارێکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بەپێی دیمەنەکان، لە گەڕەکێکی هەژارنشینە و خانووەکەی دەردەکەوێت، دیوارەکانی تەنیا بلۆکن.
رووداوی ویستی ئەو هەژماری تیکتۆکە بدۆزتەوە کە ڤیدیۆکەی لێبڵاوکراوەتەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەو ناوەی لەسەر ڤیدیۆکەیە، بەڵام وا دەردەکەوێت، هەژمارەکە ناچالاک کراوە.
دنیا نوورەدین، سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵدۆستانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسانەی ئەو ڤیدیۆیەیان تۆمارکردووە، وا دەردەکەوێت کێشەی دەروونییان هەبێت و هیچ سۆزێکیان بۆ مرۆڤ و ئاژەڵەکان نییە کە چێژ لە ئازاردانی ئەو ئاژەڵە وەردەگرن."
سەرۆکی رێکخراوی ئاژەڵدۆستانی کوردستان داواش دەکات، ئەو کەسانە بدۆزرێنەوە و بە سزای یاسایی بگەیێنن، نیگەرانیشە لەوەی لە دۆسیەکانی رابردوودا وەکو ئەو باسی کرد، "لایەنی پەیوەندیدار سزای شیاوی تاوانبارانی ئەو کەسانەی نەداوە، دۆسیەی وا هەبووە تەنیا 40 هەزار دینار سزادراوە."
رێکخراوی ئاژەڵدۆستانی کوردستان شێڵتەرێکیان هەیە بۆ ئاژەڵە بێلانەکان، ئەو باسی لەوە کرد، هاوکاریی پێویست ناکرێن بۆ ئەوەی پرۆژەکەیان فراوان بکەن، گوتیشی، پرۆژەیەکیان هەیە بۆ رێگری لە کوشتنی سەگەکان، کە بە رێگەی زانستی رێگە لە زیادبوون و زاوزێی سەگەکان دەگرن، تاوەکو ئێستاش لەسەر زیاتر لە 300 سەگ جێبەجێیان کردووە.
بەپێی توێژینەوەیەکی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکی - ئێف بی ئای، زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی تاوانی کوشتنی بە کۆمەڵ ئەنجام دەدەن، پێش ئەوەی ئەو کارە بکەن، ئاژەڵانیان ئازارداوە یان کوشتووە.