فەرماندەی میحوەری کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە هۆشداری دەداتە هێزە عێراقییەکان
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو ژمارەیەک مووشەک ئاراستەی نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە پردێ کران، فەرماندی میحوەری کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە هۆشداری دەداتە هێزە عێراقییەکان لە سنوورەکە و دەشپرسێت چۆن دەکرێت لە نزیک ئەوانەوە هێرش بکرێتە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و ئەوانیش پێی نەزانن.
نووری حەمەعەلی، فەرماندی میحوەری کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمە کردار و رەفتاری ئەوانە نییە لەوبەرەوە، ئەمە دووەمین جاریانە بە ئاراستەی ئێمە مووشکیان هاویشتووە، پێموایە ئەوانەی ئەو مووشەکانەیان ئاراستەکردووە بۆ پشێوی نانەوە و تێکدانی بارودۆخەکە و تێکدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقییە دڵسۆزەکانە نەک عێراقییە بەکرێگیراوەکان".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو مووشەکانەی ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کراون و ئەو زیانانەی لەو هێرشە مووشەکییە کەوتوونەتەوە، نووری حەمەعەلی گوتی: "ئەو مووشەکانەی کە ئاراستەکراون ئەوەی کە ئێمە دەستمان کەوتوون، پاشماوە و پارچەکانی 3 مووشەک بووە، رەنگە ژمارەی مووشەکەکان زیاتریش بێت، بە گوتەی پاسەوانەکانی ئێمە کە لە سەنگەرەکانی پێشەوە بوونە، دەڵێن یەکدووانێکیان کەتوونەتە نزیک ئاوەکە، مووشەکانیان بە ئاراستەی میحوەرەکانی ئێمە تەقاندووە، بەڵام هیچ سەنگەرێکی ئێمە نە زیانی گیانی و نە زیانی ماددی بەرنەکەوتووە".
لەبارەی جۆری مووشەکەکانیش فەرماندی میحوەری کەرکووکی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێ: "جۆری ئەو مووشەکانەی ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کراون دەزانین هی کێن و دروستکراوی چ وڵاتێکن".
لەبارەی هاوئاهەنگیان لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک لەسەر ئەو رووداوە، نووری حەمەعەلی دەڵێ: "بە داخەوە هێزی عێراقی، دەڵێن دووفاقی هەیە، بەڵام ئەوان دە فاقین، چونکە ئەوان جۆرەها هێزی هاوبەشیان تێدایە و هەر یەکەیان لە سەرچاوەیەکەوە رێنوێنی وەردەگرێت، ئەوانیش هیچ پەیوەندیەکیان بە ئێمەوە نەکردووە، هیچ هاوئاهەنگیەکیشمان لەگەڵیاندا نییە، بەس لەو شوێنەی کە مووشەکەکانی لێیەوە ئاراستەی ئێمە کراوە، سنووری ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عێراقە و نزیکە لە رەبایەکانی ئەوانەوە، ئەوان چۆن نەیانبینیوە ئەو ئۆتۆمبێلانە هاتوون و لەوێوە ئەو مووشەکانەیان ئاراستەی ئەو ناوچەیە کردووە؟ ئێمە داوایان لێدەکەین ئیتر بەس بێت".
پارچەکانی ئەو مووشەکانەی شەوی رابردوو ئاراستەی
— Rudaw (@Rudawkurdish) March 30, 2021
میحوەرێکی پێشمەرگە لە پردێ کران
📸هەردی محەممەد - پەیامنێری رووداو pic.twitter.com/kDxABDvmXb