کاتی بانگ لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت

رووداو دیجیتاڵ
 
ماوەی دوو ساڵە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی رێکخستنەوەی کاتەکانی بانگدان لیژنە پێکهاتووە، بەهۆی ئەوەی لە هەندێک شوێندا کاتی بانگ زووتر دراوە، وەزارەتەکە خشتەیەکی نوێی بانگدانی بە هەریەک لە: سلێمانی، هەڵەبجە، سۆران و گەرمیان داوە پێش پەسەندکردنی، دوای رەمەزانیش بڕیارە خشتەیەکی گشتگیر بۆ هەموو هەرێمی کوردستان بەفەرمی بڵاوبکاتەوە.
 
نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: رۆژوو و نوێژی خەڵک قبووڵە. بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینیش لە وەزارەتی ئەوقاف، دەڵێت: ئەو خشتەیەی کە بڵاوکراوەتەوە وەک تاقیکردنەوەیە، بۆ هەولێر و دهۆکیش هەفتەی داهاتوو خشتەیەکی نوێ بەردەست دەبێت.
 
'ئەگەر کاتی نوێژ نەهاتبێت، کردنی قبووڵ نییە'
 
رۆژی چوارشەممە 29-03-2023، نەجمەدین پیریادی، مامۆستای ئایینی و شارەزا لە کاتەکانی بانگ، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: قورئانی پیرۆز باسی هەموو شتە پێویستەکانی بۆ مرۆڤ کردووە، لەوانەش کاتی نوێژەکان. نوێژ کە فەرز کراوە لەسەر هەر موسڵمانێک کاتی دیاریکراوی هەیە و مەرجە ئەو کاتە هاتبێت، ئینجا نوێژ بکرێت. ئەگەر کەسێک نوێژ بکات و کاتی نوێژ نەهاتبێت، ئەوا نوێژەکە دروست نییە.
 
نەجمەدین پیریادی سەبارەت بە کاتی پارشێو دەڵێت: خواردن و خواردنەوە تاوەکو پێش خۆرهەڵاتنی تەواو دروستە. لە قورئانی پیرۆزیشدا باسی کاتی رۆژهەڵاتن و رۆژئاوابوون دەکات. بەزۆریش هەڵەکە لە کاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون بووە. هەڵەکە لە خشتەی کاتی بانگدا بووە. لە بانگی بەیانیدا لە هەندێک لە وەرزەکاندا کە لە وەرزەکان جیاوازی هەیە، لە هەندێک وەرزدا نیو کاژێر زووتر بانگی بەیانیی دراوە. بانگی مەغریبیش پێش 10 خولەک بانگ دراوە.
 

 

 
''لە ساڵی 1994ـەوە داوای گۆڕانکاری لە خشتەی بانگدا دەکەم''
 
ئەو شارەزایە لە کاتی بانگدان باس لە لێکۆڵینەوەیەک لە کاتی خۆرئاوابوون و کاتی بانگی مەغریب لە سنووری چەمچەماڵ دەکات و دەڵێت: من لە ساڵی 1994ـەوە داوای گۆڕانکاری لە کاتی بانگدا دەکەم. لەگەڵ بەرپرسی لیژنەی فتوای چەمچەماڵ و کۆمەڵێک مامۆستای ئایینی دیکە چووینە بانی مەقان و بە تلسکۆب و چاو سەیری خۆرمان کرد، هێشتا 50 سانتیمەتر قورسایی خۆر مابوو، کە بانگ دەدرێت، چەندین جاری دیکە بە تەلەفۆن لەگەڵ خزمانی بانی مەقان قسەم کردووە و پرسیارم کردووە خۆر ئاوابووە یان نا؟ ئەو وردەکارییانە بەردەوام لای خۆم دەنووسم.
 
بە گوتەی نەجمەدین پیریادی، لەسەر بڕیاری وەزارەتی ئەوقاف دوو ساڵ لەمەوپێش لیژنەیەک پێکهێنراوە تاوەکو ئەو لیژنەیە ساڵێک بەدواداچوون بکات بۆ کاتەکانی بانگ، 'حەوت مامۆستا بووین بۆ ماوەی ساڵێک دەچووینە بەرزاییەکان و چاودێریی کاتەکانمان کرد و راپۆرتمان بە وەزارەت دا و ئەنجام وەزارەت رەزامەندیی دەربڕی بە دانانی خشتەیەکی نوێ بۆ چەمچەماڵ، بەڵام لەلایەن مامۆستایانی سلێمانییەوە رەخنەمان لێگیرا و لیژنەیەکی نوێ پێکهێنرا و خشتەیەکی نوێ دانرا'.
 
 
مامۆستا عەزیزی خەزنەیی، نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای فتوا لە وەزارەتی ئەوقاف، لەبەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: پێشووتر خشتەکانی کاتی بانگ کە دانراون، کاتەکانیان تەواو نەبووە. بۆ کاتی بەیانی، لانیکەم پێویستە سێ تاوەکو چوار ساڵ سەیر بکرێت تاوەکو وەرز دەسووڕێتەوە. 17 ساڵ لە دەشت بووم و خەریکی دانانی خشتەی کاتی بانگ بووم. 
 
لەبارەی قبووڵبوون یان قبووڵنەبوونی رۆژوو و نوێژی هاونیشتمانییان لە جیاوازی کاتەکانی بانگ، نوێنەری ئەنجوومەنی باڵای فتوا لە وەزارەتی ئەوقاف، هاونیشتمانییان دڵنیا دەکاتەوە کە 'رۆژوو و نوێژی خەڵک قبووڵە'.
 

 

 
'رۆژوو و نوێژی خەڵک قبووڵە'
 
مامۆستا عەزیز خەزنەیی رۆژهەڵات و رۆژئاوا بۆ دانانی خشتەی نوێژ بە 'گرنگ' ناودەبات و دەڵێت: تیشکی خۆر بە 8 خولەک و 18 چرکە دەگاتە زەوی، دەبێت بە چاو ببینرێت کە تیشکی رۆژ ئاوابووە ئینجا نوێژی مەغریب دێت. دانانی خشتەی کاتی نوێژەکانیش ئەگەر رۆژهەڵات و رۆژئاوا بە تەواوی دانرا، نیوەڕۆ و عەسر و عیشا ئاسانە. بەیانی سەربەخۆیە و دەبێت لانیکەم سێ ساڵ سەیر بکرێت. لە 1999 خشتەیەکمان دانا. بەڵام کاری پێنەکرا. ساڵی رابردوو دەستکاریی خشتەیەکی کۆنمان کرد، بەڵام خاوەنەکەی رازی نەبوو بڵاوبکرێتەوە.
 
لەبارەی خشتەی نوێوە، مامۆستا عەزیزی خەزنەیی دەڵێت: ئەو خشتەیەی ئێستا سەربەخۆیە و 17 ساڵ خەریکی بووم و هیچ گومانم لێی نییە. لە هەولێر بەرزترین پلەی جیاوازی کە هەبووە 13 خولەک بووە. ئێستاش لە هەولێر بە خشتەی کۆن کاردەکرێت، رەنگە وەزارەتی ئەوقاف دوای رەمەزان ئەو بابەتە یەکلابکاتەوە.
 
'ئۆباڵی لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە خشتەکەیان دروستکردووە'
 
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئیرشادی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لە بەرنامەی بەرپرسیار، گوتی: بابەتەکە قورس نییە تاوەکو هاونیشتمانییان لە رۆژوو و نوێژەکانیان بترسن، چونکە ئەو جیاوازییە لە هەموو وڵاتان هەیە، دڵنیایی دەدەمە هاونیشتمانییان کە قبووڵە و ئۆباڵی لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە خشتەکەیان لە ماوەی رابردوو دروستکردووە یان دروستیدەکەن.
 

 

 
'هەولێر و دهۆک تاوەکو ئێستا لەسەر خشتەی کۆن دەڕۆن'
 
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی، باسی جیاوازیکردنی بەشێک لە مزگەوتەکان دەکات، کە خشتەی تایبەتیان بۆخۆیان داناوە و لەگەڵ مزگەوتەکانی دیکە بانگیان نەدەدا. دەشڵێت: لە 27-11-2022 لیژنەیەکی باڵای 13 کەسیمان پێکهێنا لە وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەی تاوەکو ئێستا کاری تێداکراوە، لە شاری سلێمانی پێشووتر کاریان لەسەرکردبوو بە ئاگاداری وەزارەت، کارەکەیان تەواوکردبوو لە کۆتایی بوون، کارەکەی لیژنەی باڵا بۆ رادەربڕین دەنێرین، لە گەڕانەوەیدا، لیژنەی باڵا بڕیاردەدات خشتەکە درووستە یان نا. کارەکانی سۆران، هەڵەبجە و گەرمیان تەواوبووە. لە شاری هەولێر و دهۆک ماوە کە خشتەکانیان تەواو بێت.
 
لەبارەی پەسندکردنی خشتەی کاتەکانی بانگ لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، شێخ ئیبراهیم بەرزنجی دەڵێت: جیاوازیی کاتەکان زۆر نین. خشتە تازەکە لە مانگی رەمەزان وەک تێست بڵاوکراوەتەوە و لە وەزارەت سەرپەرشتی دەکرێت و دوای رەمەزان بڕیاری لەسەر دەدرێت. لە هەولێر و دهۆک تاوەکو ئێستا لەسەر خشتەی کۆن دەڕۆین، هەفتەی داهاتوو ئومێد دەکەین خشتەی نوێ بەردەست بێت و بنێردرێت بۆ لیژنەی باڵای فتوا تاوەکو بڕیاری لەسەر بدرێت. واتە کاری خشتە کارێکی زانستیی و شەرعییە و پەیوەندی بە زانستی فەلەک نییە. وەک زانایانی ئایینی پەیوەندیمان بە بابەتی فەلەکەوە نییە و ئەو پەرستشانەی کە خەڵک دەیکەن هیچ گومانێک لە دڵیاندا نەبێت، بەپێی ئەو خشتەیەی بەردەستە رۆژوو نوێژی خۆیان بکەن تاوەکو خشتەیەکی زۆر نموونەیی دەردەچێت.

 

تەواوی بەرنامەکەی بەرپرسیار لەبارەی ئەو بابەتە