نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی جەوهەر گەڵاڵی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ کۆچی دوایی جەوهەر قەهار گەڵاڵی، پێشمەرگە و خەباتگێڕی دێرینی هەولێر دەردەبڕێت و دەڵێت، تەمەنێکی بە خزمەت و پێشمەرگایەتی لەپێناو گەلەکەی بەسەر برد.
رۆژی دووشەممە (30-3-2026) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەرەخۆشیی بۆ کۆچی دوایی جەوهەر قەهار گەڵاڵی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "بۆ کۆچی دواییی کەسایەتیی نیشتمانپەروەری هەولێر و پێشمەرگە و خەباتگێڕی دێرین، خوالێخۆشبوو جەوهەر قەهار گەڵاڵی، سەرەخۆشیی قووڵم ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێزیان دەکەم، هاوسۆز و هاوخەمیانم."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە رۆڵی جەوهەر قەهار گەڵاڵی کردووە و دەڵێت: "دڵسۆزانە تەمەنێکی بە خزمەت و پێشمەرگایەتی لەپێناو گەل و نیشتمانەکەیدا بەسەر برد."
نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوا لە خوای مەزن دەکات "گیانی بە بەزەیی و میهرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت."