قائانی: ئیسرائیل لە بەدیهێنانی خەونەکانی شکستی هێناوە


رووداو دیجیتاڵ

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ریتمێکی نوێ لە ناوچەکەدا هاتووەتە ئاراوە و ئیسرائیل لە بەدیهێنانی خەونە ئەمنییەکانی شکستیهێناوە. دەشڵێت: "ئێستا بەرەی بەرگری خاوەنی یەک ژووری جەنگی هاوبەشە."
 
ئیسماعیل قائانی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی کردووە دەڵێت: "پێویستە خۆتان لەگەڵ ریتمە نوێیەکەی ناوچەکە بگونجێنن و لێی رابێن."
 
فەرماندەی فەیلەقی قودس ئاماژەی بەوە کردووە، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل خەونی بە پەرەپێدانی "کەمەربەندی ئەمنی" لە ناوچەکەدا دەبینی، بەڵام "ئاگری ژیرانە و بوێرانەی براکانمان لە حیزبوڵڵا لە باکوور و ئەنساروڵڵا لە باشوور، بەڵێنە درۆینەکانی ئەو رژێمەی بۆ دانیشتوانەکەی ئاشکرا کرد."
 
قائانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی فەرماندە "شەهیدەکانی" بەرەی بەرگری هاتووەتە دی و دەڵێت: "ئاواتی فەرماندە شەهیدەکانمان هاتەدی، ئێستا ژووری جەنگی بەرەی بەرگری یەکە و هەمووان پێکەوە هاوئاهەنگن."