ئەردۆغان پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانییەوە دەکات و هێرشی سەر ماڵەکەی سەرکۆنە دەکات


رووداو - هەولێر

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا. ئەردۆغان هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک سەرکۆنە کرد و هاوخەمی بۆ شەهیدبوونی پێشمەرگەکان دەربڕی.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە (30-3-2026)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێگەیشت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکەدا ئەردۆغان هاوسۆزیی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و خانەوادەی ئەو پێشمەرگانە دەربڕی کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەی سنووری سۆران دا شەهید و بریندار بوون.
 
هەروەها سەرۆککۆماری تورکیا "بە تووندی ئەو هێرشە درۆنییەی سەرکۆنە کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک" و دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت.
 
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پەیوەندییەکە و هەڵوێستی دۆستانەی تورکیای کرد و دووپاتیکردەوە "هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە فاکتەری ئارامی دەبێت و هەرگیز نابێتە بەشێک لە جەنگ و گرژییەکان."
 
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی بەسەر ناوچەکە و جیهانەوە تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راوەستاندنی جەنگ و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان کردەوە.
 
سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەر بە کۆماری تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "سەرۆککۆمارمان بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردیی عێراق نێچیرڤان بارزانی ئەنجام دا. لە پەیوەندییەکەدا پێکدادان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران".
 
هەروەها رایگەیاندووە، سەرۆککۆماری تورکیا بەبۆنەی ئەو هێرشەی کرایە سەر ماڵەکەی، هیوای سەلامەتیی بۆ نێچیرڤان بارزانی خواست.
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردووەتەوە، ئەنقەرە هەمیشە لەدژی ئەو هێرشە و هێرشی هاوشێوەیە و بە پێویستی زانیوە چی زووە پێکدادانەکانی ناوچەکە کۆتاییان پێ بێت.