سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری: هێرش بۆ سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی بە ئامانجگرتنی تەواوی خەڵکی کوردستانە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و رادەگەیێنێت، ئەو هێرشە بە ئامانجگرتنی تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقە.
دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، بە تووندی ئیدانەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند: "ئەمە وەک بە ئامانجگرتنی تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراقیشە بۆ تێکدانی ئاسایش، سەقامگیری و ئەو گەشەسەندن و ئاوەدانییەیە کە لە هەرێمدا هەیە."
سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری ئاماژەی بەوەش کرد، هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەو شەڕانەی ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن، بەڵکو "بەشێکی گرنگی بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەیە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "رۆڵێکی گەورەی لە بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشدا هەبووە، ئەوەش بە شایەتیی تەواوی لایەن و پێکهاتەکانی عێراق و ناوچەکە."
لە پەیامەکەیدا، دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە زووترین کات ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و رادەستکردنیان بە دادگە، تاوەکو بەپێی یاسا سزا بدرێن.
رۆژی شەممە، 28ـی ئاداری 2026، بە درۆنێک هێرش کرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک، بەڵام بەهۆی ئەوەی کەس لە ماڵەکەدا نەبووە، هێرشەکە زیانی گیانیی نەبوو.