گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی ئامەد هەڵوەشێندرانەوە


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی نالەباری کەشوهەوا لەسەر سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانی ئامەد بۆ ئیستەنبووڵ هەڵوەشێنرایەوە. گەشتیاران کە بۆ ماوەی چەندین کاژێر چاوەڕێ بوون، ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دۆخەکە دەربڕی و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی یەک لە دوای یەک روونکردنەوەیان بڵاوکردەوە.
 
کەشوهەوای نالەبار لە ئامەد و ئیستەنبووڵ و سنووردارکردنی ئاسمانی ناوچەکە بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بووە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆی ئاسمانی. 
 
شەوی یەکشەممە 29 ـی ئاداری 2026 لە فڕۆکەخانەی ئامەد ژمارەیەکی زۆر گەشت هەڵوەشێندرانەوە و گەشتیاران زیانمەند بوون.
 
ئەو گەشتیارانەی دەیانویست لە نێوان ئامەد و ئیستەنبووڵ گەشت بکەن، پێش کاتی فڕین لە فڕۆکەخانەی ئامەد دەستیان بە چاوەڕوانی کرد. بەڵام بە راگەیێندراوە یەک لە دوای یەکەکانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی، هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان راگەیێندرا.
 
بەهۆی دواکەوتنی گەشتەکانەوە، لە هەردوو فڕۆکەخانەی ئامەد و سەبیحەگۆکچەن لە ئیستەنبووڵ قەرەباڵخی دروست بوو. 
 
گەشتیاران کە بۆ ماوەی چەندین کاژێر چاوەڕێی فڕینی فڕۆکەکانیان بوون، لە بەردەم نووسینگەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کۆبوونەوە. گەشتیاران سکاڵایان لەوە دەکرد کە درەنگ ئاگاداری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان کراونەتەوە.
 
کۆمپانیای پێگاسوس، رایگەیاند، بە گشتی 76 گەشتی لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەن بە شێوەی دوولایەنە هەڵوەشاندووەتەوە. گەشتەکانی هێڵی ئامەد بە ژمارەکانی PC 2384 و PC 2385ـیش لەنێو ئەم لیستەیەدا بوون.
 
هەروەها کۆمپانیای AJET، رایگەیاند، بەهۆی رەوشی نالەباری کەشوهەواوە 51 گەشت هەڵوەشێندراونەتەوە و ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەش بەهۆی کەمیی سووتەمەنییەوە ئاراستەی فڕۆکەخانەی دیکە کراون.
 
کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی تورکیا (THY)، رایگەیاند، هەم بەهۆی کەشوهەواوە و هەم بەهۆی سنووردارکردنەکانی 'NOTAM' لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دواکەوتن روویداوە.
 
فڕۆکەخانەی ئامەد ساڵی 1952 دروستکراوە، فڕۆکەخانەکە تاوەکو ساڵی 2016 فڕۆکەخانەی سڤیل و سەربازی بوو. تاوەکو ئێستا هەشت جار نۆژەنکراوەتەوە و شەش جار فراوانکراوە. 11 کم لە سەنتەری شار دوورە.