شەڕەقسە لە نێوان ئارێز عەبدوڵڵا و عەلی ئەدیب دروستدەبێت

رووداو- هەولێر

لەسەر پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق گرژی تێدەكەوێت.


د.موسەنا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:" كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆك فراكسیۆنەكان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەبڕیارێك بوو وەكو وەڵامدانەوەی پرۆژەبڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا سەبارەت بە پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگەو هێزە عەشایەرە سوننییەكان، بەڵام بە هۆی دروستبوونی گرژی كۆبوونەوەكە ئەنجامی نەبوو ".

د.موسەنا ئەمین هەروەها گوتی:" بۆ وەڵامدانەوەی پڕۆژەبڕیارەكەی كۆنگرێسی ئەمریكا، دوو بۆچوون هەبوون، یەكێكیان هیی شیعەكان بوو كە لە دیباچەی پڕۆژەكە رەتیاندەكردەوە و پێیانوابوو ئەمە دەستوەردانە لە كاروباری ناوخۆ و پێشلكردنی سەروەری عێراقە، پڕۆژەی دووەم هی بەندە بوو تانەنەت بەشێك لە حیزبی دەعوەش لەگەڵی بوون، ئەویش رەتكردنەوەیەكی دیبلۆماسی بوو".
 
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو باسی پڕۆژەكەی كرد و گوتی:" پڕۆژەكە بەشێوەیەكە پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە و هێزە سوننییەكان لە رێگای دامەزرواوە شەرعییەكان بێت، هەروەها كۆمەڵێك پابەندبوون بخاتە سەر حكومەتی ناوەندی بەوەی هێزی پێشمەرگەو عەشایەرە سوننییەكان بە زووترین كات پڕچەك بكات كە رووبەڕووی داعش دەبنەوە، بەڵام لەبەر گرژی و شەڕەقسە، عەلی ئەدیب كۆبوونەوەی جێهێشت و گوتی ئێمە دەچین بە زۆرینە ئەو بڕیارە رەتدەكەینەوە".

بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، شەڕەقسەی تووند لە نێوان ئارێز عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری یەكێتی كە بە نوێنەرایەتی حیزبەكەی بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە، لەگەڵ عەلی ئەدیب، سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی شیعەكان لەسەر پڕچەككردنی پێشمەرگە دروستبووە.

رۆژی پێنجشەممە 30ی نیسانی 2015، لیژنەی كاروباری سەربازی كۆنگرێس پڕۆژەیاسای "دەسەڵاتپێدانی چالاكی بەرگریی نیشتمانی" پەسندكرد، كە لە بەشێكیدا پشتگیری لە داواكەی سەرۆكی ئەمریكا، باراك ئۆباما دەكات سەبارەت بە تەرخانكردنی 715 ملیۆن دۆلار وەكو هاوكاریی سەربازی بۆ هێزە عێراقییەكان، كە لە دژی داعش دەجەنگن.

لە پڕۆژەكەی لیژنەی كاروباری سەربازی كۆنگرێسدا، داوادەكرێت 25%ی ئەم هاوكارییە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە سوننییەكان تەرخانبكرێت و راستەوخۆ بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا پێیان بدرێت.

لەم پڕۆژەیەدا هەروەها داوادەكرێت 75 %ەكەی دیكە رابگیرێت، هەتا ئەو كاتەی وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكا پشتڕاستی دەكەنەوە كە حكومەتی عێراق توانیویەتی مەرجەكانی سەرخستنی ئاشتەوایی نیشتمانی لە عێراق جێبەجێبكات. گەر حكومەتی عێراق نەیتوانی ئەو مەرجانە جێبەجێبكات، ئەوا 60%ی ئەو هاوكارییە سەربازییەی ماوە، راستەوخۆ بۆ پێشمەرگە و هێزە سوننەكان دەنێردرێت.

هەروەها دوێنێ چوارشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەیاننامەیەكی لەسەر پێشكەشكردنی پڕۆژەیاساكە بە كۆنگرێسی ئەمریكا دەركرد و پێدانی چەكی بەشێوەیەكی راستەوخۆ بە كورد و سوننە رەتكردەوە.