وەزیری دارایی بۆ رووداو: پارەی پێویستمان لەبەردەست نییە بۆ مووچەی مانگی نیسان

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"دا باسی لە دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسان کرد و گوتی، "پارەی پێویستمان لەبەردەستدا نییە."
 
لەبارەی هاتنی 400 ملیار دینارەکەی بەغداوە، ئاوات شێخ جەناب گوتی، "ئەمڕۆ یەکشەممە نووسراومان بۆ بەغدا کردووە و پارەکە هێشتا نەهاتووە."   
 
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: رێککەوتن لەگەڵ عێراق لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە دەستپێدەکات، کە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستیپێکرد، لە پێشینەی کارنامەی کابینەکەدا هاتووە (هەرواشمان گوت)، لە بەغدا سەرۆکوەزیران باسی ئەوەی کرد کە قووڵایی ستراتیژی ئێمە بەرەو بەغدایە و ئێمە ئامادەین کێشەکانمان چارەسەر بکەین و گفتوگۆ بکەین بە وەسیلەی رێککەوتن، لەوێوە دەستیپێکرد و لە راگەیاندنیش بڵاومانکردەوە کە لەسەر کێشەی نەوت ئامادەین رێکبکەوین، ئەگەر ئێوە (بەغدا) فایلی نەوت بە قەرز و کەموکوڕییەکانەوە وەربگرن. 
 
ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، "ئێمە چەند جارێک لەسەر بودجە رێککەوتنمان کردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش رەزامەندی لەسەردا، بەتایبەتی بودجەی 2019-2020 ئەوەبوو کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ئەوەی بەسەرهات، رێککەوتن لەسەر بودجەی 2021 و 2023یش کرا، رێککەوتنمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد و پێش دروستبوونی ئەم کابینەیەی حکومەت، بە دەق رێککەوتووین." 
 

 

لەبارەی بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسیشەوە، ئاوات شێخ جەناب گوتی، "بڕیاری دادگەی پاریس، دوور و نزیک پەیوەندیی بە دۆسیەتی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە نییە، پەیوەستە بە را جیاییەکی یاسایی نێوان عێراق و تورکیا، ئەوەش بەشێکی لە بەرژەوەندی تورکیا و بەشێکی دیکەی لە بەرژەوەندی عێراق دەرچووە. شتێکی زۆر گرنگیشی بۆ کورد تێدایە، ئەویش ئەوەیە کە دادگەی پاریس پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستانی بە شەرعی و رەوا زانیوە، ئەمە خاڵێکی ئەرێنی بۆ کورد جێگیر کردووە."  
 
وەزیری دارایی و ئابووری لە وەڵامی پرسیارێکی رەنج سەنگاوی دا لەبارەی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "دەمەوێ بە راستی قسە بکەم، ئەو پارەیەی ئێستا دەتوانین بڵێین 400 ملیار دینارەکە ئامادەیە، 70-80 ملیارێکی مانگی پێشووش ماوەتەوە، ئەمەش بەتەنیا بەس نییە بۆ مووچە، ئەگەر خوابکات بە زوویی کێشەی عێراق و تورکیا چارەسەر ببێت و پارەی نەوتمان بۆ بێت، چونکە ئەگەر پارەی نەوتمان بۆ نەیەت، حسابکە ناقس 500 ملیۆنمان دۆلارمان هەیە بۆ مووچە، بەڵام بەپێی رێککەوتن و یاسای بودجە، لە کاتی نەناردنی نەوت، بەرپرسیارێتییەکە دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق."