شاندێکی یەکێتی پەیامێک دەگەیێننە کونسوڵخانەی تورکیا: رێز لە سەروەریتان دەگرین

رووداو- ھەولێر

لە سەروبەندی رۆیشتنی شاندێکی پەرلەمانتارانی یەکێتی بۆ باکووری کوردستان بەمەبەستی پشتگیریکردن لە پارتی دیموکراتی گەلان HDP، شاندێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە پەیامێک دەگەیێننە تورکیا و پێیانگوتوون رێز لە سەروەرییان دەگرن و ئەنقەرە هاوپەیمانی ستراتیژی کوردستانە.

نەوزاد رەسوڵ، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، رۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠١٥ لەگەڵ سەعدی پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکان سەردانی سەرکونسڵی کۆماری تورکیایان لە ھەولێر کردووە. ئەو مەبەستی سەردانەکەی ئاشکراکرد و گوتی: "روونکردنەوەو زانیارییمان لەسەر چوونی ئەو ئەندامانەی یەکێتی خستەڕوو و پێمان راگەیاندن کە بەشداریکردنی پەرلەمانتارانی یەکێتی لە پشتگیریکردنی HDP بۆ دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەوان نییە و یەکێتی رێز لە سەروەری تورکیا دەگرێ".

ئەو کادیرەی یەکێتی ئاماژە بەوەدەکات، کە ھەستیان بە لێکتێنەگەیشتنێک کردووە لەلایەن ئەنقەرەوە، "بەڵام روونکردنەوەمان پێدان و پێمان راگەیاندن کە پێشتر شاندی یەکێتی سەردانی میسر، ئێران و سوێدی کردووە بۆ وەرگرتنی زانیاریی و شارەزایی لە پرۆسەی ھەڵبژاردن، تورکیا زۆر باش یەکێتی دەناسێت و ئێمەش تورکیا بە ھاوپەیمانێکی ستراتیژی ھەرێمی کوردستان دەزانین بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە و پشتگیری یەکێتیش لە HDP نھێنی نییە".

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، تورکیا ھیچ ناڕەزاییەکی فەرمی بەرامبەر ئەو پشتگرییەی یەکێتی بۆ HDP نەبووەو بەھرۆز گەڵاڵی نوێنەری یەکێتی لە ئەنقەرە هیچی پێ نەگوتراوە. گوتیشی "ئەگەر تورکیا ناڕازی بووایە و ئەو کارەی یەکێتی نایاسایی بووایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەوان قسەی خۆیان دەبوو".

رووداو زانیویەتی، کە لەو دیدارەدا بە شاندی یەکێتی گوتراوە، ئەگەر ئەوان بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی HDP، ئەوا دەبێ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رازی بن بەوەی کە پارتە نەتەوەپەرستەکانی تورکیا وەک MHP بچنە کەرکووک و پاڵپشتی بەرەی تورکمانی بکەن. 

٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ھەڵبژاردنی گشتیی بۆ ٢٥ەمین خولی پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدەدرێت. لەم ھەڵبژاردنەدا ٥٦,٦٣٢,٨٨٩  دەنگدەر بەشداریی دەکەن، کە ٥٣,٧٦٥,٢٣١ یان لە نێوخۆی تورکیان و ٢,٨٦٧,٦٥٨ دەنگدەریشیان لە دەرەوەی تورکیان. ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا ٥٥٠ کورسین، ٢٠ پارتی سیاسی و ١٦٥ کاندیدی سەربەخۆ کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ئەو کورسییانە. ھەر پارتێکیش بۆ گەیشتن بە پەرلەمان پێویستە بەربەستی ١٠%ی دەنگەکان تێبپەڕێنێت.