(جەلالی میرزا كەریم) دەگەڕێتەوە

رووداو - هەولێر

شەقام: من كیشوەری زامم
زام: من شۆڕشی پەیامم
پەیام: من چەكی ئەنجامم
ئەنجام: من گۆرانی ناو سەنگەری
شۆڕشگێڕانی جیهانم.
من ڤێتنامم.
من پۆلیڤیام.
من سۆدانم.
من شۆڕشی كوردستانم.


(سەباح ڕەنجدەر) دەربارەی (جەلالی میزا كەریم) دەڵێت: ((شاعیرانی حەفتاكان لە سەرەتای ئەزموونیاندا بەشی زۆرینەیان لە (ڕەنگ) و (فۆرم) و (ترپە و ئاواز)دا، لە (رووبەری بینراو و وزەی نوستوو)ی ئەم شاعیرە سوودمەند بوونە- ل 12)). من نەك ئەو بۆچوونەی (ڕەنجدەر)م پێ‌ ڕاستە، پێموایە ئەو بۆچوونە بۆ بەشێك لە شاعیرانی هەشتاكان و دواتریش هەر ڕاست و دروستە. هەر كەسێك ئاگاداری مێژووی شیعری نوێی كوردی بێت، دەزانێت (جەلالی میرزا كەریم) لە سەرەتای حەفتاكاندا شاعیرێكی زۆر كاریگەر و بەهەژموون بووە، ئەگەر لە هەموو هاوسەردەمەكانی خۆی شاعیرتر نەبووبێت، لە هیچیان كەمتر نەبووە.

راستە ئەم شاعیرە نەیتوانیوە بە هەمان گوڕوتینەوە لە بەخششەكانی بەردەوام بێت، بەڵام داننان بەو ڕاستییەدا هەرگیز بەو مانایە نییە كە نەیتوانیبێت كاریگەری لەسەر شاعیرانی دواتر جێبهێڵێ. من وەكو خۆم كە لە ناوەڕاستی هەشتاكانەوە دەستم بە خوێندنەوە و نووسین كردووە، بەردەوام یەكێك لەو شاعیرانەی بە تاسەوە بە دوای شیعرەكانیدا گەڕاوم و شیعرەكانی هەم لە ناو سەرمدا دەنگدانەوەیان هەبووە، هەم لە ناو خەیاڵمدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە، هەمیش ڕۆحیان بە سەما خستووم، (جەلالی میرزا كەریم) بووە.

دەمەوێت بڵێم بەشێكی زۆر لە شاعیرانی حەفتاكان و  هەندێكیش لە شاعیرانی هەشتاكان و دواتر، قەرزاری ئەو شاعیرە میهرەبانەن، بەڵام جگە لە (سەباح ڕەنجدەر) كەس بیری لەوە نەكردووەتەوە بەشێك لەو قەرزە بداتەوە و كەمێك ڕۆحی ئەو شاعیرە ئاسوودە بكات. (ڕەنجدەر) وەك خۆی ئاماژەی بۆ كردووە، لە ساڵی (1978) ەوە هەر شیعرێكی (جەلالی میرزا كەریم)ی بینیبێت لای خۆی یاداشتی كردووە، دواجار لەم ڕۆژانەدا و دوای چل ساڵ، ئەو شیعرانەی لەگەڵ پێشەكییەكی ورد و قەڵەمكێشێكدا بۆ شاعیر، لە دیوانێكی (124) لاپەڕەییدا بە ناوی (ڕوانینەكانی چاوی شەقام) ئامادە كرد و لەسەر ئەركی (ئاری قادر میرزا كەریم) و (ئاكۆ عەزیز میرزا كەریم) چاپ و بڵاوكرایەوە.

بەو جۆرە ئەو شاعیرە خۆشەویستەی گەڕانەوە بۆ ناو ماڵ و كتێبخانە و بۆ ناو دڵ و گیانمان. بارتەقای هەستی قەرزاریم بەرامبەر بە (جەلالی میرزا كەریم) و دڵخۆشیم بەرامبەر بە چاپكردنی دیوانەكەی، پیرۆزبایی لە (سەباح ڕەنجدەر) دەكەم و دەستی دەگوشم و پێی دەڵێم: لەم سەردەمی قاتوقڕی و پەرێشانییەی شیعر و نووسیندا، دڵسۆزی و وەفاداریی تۆ بۆ شاعیرێكی كاریگەری وەكو (جەلالی میرزا كەریم)، مایەی سوپاسگوزاری و پێزانینە.