ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی هەولێر کەوتەوە و 'زیانێکی زۆری' ماددی لێکەوتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئاگرێکی گەورە لە کارگەیەکی پەردە لە هەولێر کەوتەوە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی رووداوەکە بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بەڵام "زیانێکی زۆری" ماددی لێکەوتووەتەوە.

دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو چووە شوێنی رووداوەکە و ئاماژەی بەوە کرد، هیچ زیانێکی گیانی نییە و تەنیا زیانی ماددی کەوتووەتەوە، خاوەنی کارگەکەش پێی گوت، کە کارگەکەیان داخستووە و ویستوویانە بڕۆنەوە، لەوکاتەدا ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر دوای چەند کاژێرێک لە کەوتنەوەی ئاگرەکە، ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکرد. سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "هیچ زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی کەوتووەتەوە."

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کارگەیە کارگەی دروستکردنی پەردە و قوماش و زێبرا بووە و تەنەر و بۆیاخیشی تێدا بووە کە بۆ دروستکردنی پەردە بەکاردەهێندرێن، ئاماژەی بەوەش کرد کە زیانەکانی ئاگرەکە "زۆر" بووە و بەشێکی زۆری کارگەکە سووتاوە، ئەوەش بەهۆی ئەو ماددانەی تێیدابووە، "هیچ کارگەیەکی دیکەش لە دەوروبەری کارگەکە زیانیان بەرنەکەوتووە."

بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، چوار کارمەندیان لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تووشی تەنگەنەفەسی بوون و کارمەندێکی دیکەشیان بلۆکی بەرکەوتووە و برینداربووە، بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەریش رەوانەی نەخۆشخانە کراون، هەروەها کرێکارێکی کارگەکەش تووشی تەنگەنەفەسی بووە و ئەویش براوەتە نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

 

 
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیارنییە. سەرکەوت کاڕەش دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بەردەوامە و خەمڵاندنیش بۆ ئەو زیانانە دەکەن کە بەر کارگەکە کەوتووە.

 

 

 

هیمداد عیرفان نەجاڕ، خاوەنی کارگەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "زیانەکان هیچ گرنگ نییە و گرنگ ئەوەیە خەڵک هیچی لێنەهات."