مەسرور بارزانی و هادی عامری کۆبوونەوە؛ هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکان

رووداو دیجیتاڵ

سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، لە بەغدا له‌گه‌ڵ ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و سەرۆکی هاوپەیمانیی (نبني- بنیاتنان) کۆبووەوە.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و هادی عامری، "هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگیی و هاریکاریی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی دابینکردنی شايسته‌ دارايييه‌كان و مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان و، ژيان و گوزه‌رانى هاووڵاتييان."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 30-5-2024) بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و پاشان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی، ئەمڕۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "چارەسەری ریشەیی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی نەهاتووی هێزە ئەمنییەکان، پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی ناردنە دەرەوەی نەوت، گەنمی جووتیاران و چەند دۆسیەیێکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆی مەسرور بارزانی دەبن لە بەغدا."